پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 42 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ھەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتە:
لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژی و تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی ھەموو کوردستانی بەدوادا ھات. لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی بازرانی دادەنوێنین و ھەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
لە درێژایی سەت ساڵی ڕابردوودا، دەڤەری بارزان چەندین جار ڕووبەڕووی ھێرش و پەلاماری دوژمنانی کوردستان و سووتان و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە. بەڵام ھەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتی، بەشێوەیەکی قارەمانانە و لەخۆبردووانە، بەرگرییان لە کوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنان و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندووە.
وەک ھەمیشە دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵ، پێویستە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتیی دەستووریی خۆی بەرانبەر بە قوربانییانی جێنۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و ھەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێبەجێ بکات و چیتر مافەکانیان پشتگوێ نەخات.
خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ھەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە و دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بە گشت پێکھاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە و ھەرگیز دەستبەرداریان نابێت و بەرەنگاری ھەموو ئەوانەش دەبێتەوە کە ھەوڵی داگیرکاری و دووبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی و تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن.
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی جێنۆسایدی بارزانییەکان و گشت شەھیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٧/٣١




