سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان سوپاسى كونسوڵى گشتیى قه‌ته‌ر ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2025/7/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌مه‌به‌ستى ماڵئاوایى بۆ كۆتاییهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى، پێشوازیى له به‌ڕێز حسێن بن عه‌لى ئه‌لفه‌زاله، كونسوڵى گشتیى قه‌ته‌ر له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ هه‌وڵ و كاره‌كانى به‌ڕێز ئه‌لفه‌زاله بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ربڕى و هیواى سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركى نوێیدا بۆ خواست. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ستایش و پێزانینى خۆى بۆ ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانى جه‌نابى میر و سه‌ركردایه‌تیى قه‌ته‌ر له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه و پاراستنى ئاشتیدا، دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز ئه‌لفه‌زاله، وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاس و پێ‌زانین بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ هاوكارى و پشتیوانی‌یان له سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپاتى كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به بایه‌خێكى زۆره‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازیاره له بواره جیاجیاكاندا، بره‌وى زیاتر به هاریكاریى هاوبه‌شیان بدات.




