سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی له نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى UN كرد

هه‌ولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2025/7/29 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌سسان، نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى و به‌رپرسى سه‌رۆکی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌کەدا دۆخى سیاسیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى نێوانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هێرشه درۆنییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و كارنامه‌ى تیمى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه له عێراق ماویه‌تى، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌رزنرخاندنى ئاماده‌یى و ڕۆڵى UN له عێراق، جه‌ختى له پێویستى و گرنگیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به گفتوگۆ و مسۆگه‌ركردنى ناردنى مووچه و شایسته دارایییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌كان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ڕێگریكردنى له هێرشه درۆنییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به پێویستییه‌ك بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات له قه‌ڵه‌م دا.
لاى خۆیه‌وه، به‌ڕێز ئه‌لحه‌سسان وێڕاى ده‌ربڕینى نیگه‌رانى له هێرشه درۆنییه‌كان و پێویستیى ڕێگه‌لێگرتنیان، هه‌موو پشتیوانییه‌كى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ناردنى شایسته دارایییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات، دووپات كرده‌وه.
دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وەكه بوو.




