سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كاته‌وه

هەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2025/7/29 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز ڕه‌حمانى سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز مه‌سعوود پزشكیان، سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێرانى به سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گه‌یاند و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا، دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ستایشى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى پارێزگاكه‌ى له‌گه‌ڵ پارێزگاى هه‌ولێر و ئه‌و ڕێككه‌وتنانه كرد كه بۆ پەرەپێدان به بارزگانى و ئاسانكاریى جووڵه‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كان و هاتوچۆى زیاره‌تكارانى ئایینى بۆ باشوورى عێراق له ڕێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ناردنى سڵاو و ڕێز بۆ سه‌رۆك پزشكیان، جه‌ختى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه مێژوویییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا ده‌ڕوانێت و خوازیاره له هه‌موو بواره‌كاندا بره‌وى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شیان بده‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێز پارێزگارى هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، چه‌ندین بیرۆكه و پێشنیار بۆ چۆنیه‌تیى باشتركردنى جووڵه‌ى بازرگانى و هاتوچۆى ده‌روازه سنوورییه‌كان، خرانە ڕوو.




