پشتیوان سادق: پێویستە کادیران خزمەت بە خەڵکی خۆشەویست بکەن

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، لەگەڵ بەرپرسی لق و کارگێرانی لق و بەرپرس و کارگێرانی ناوچە و ڕێکخراوەکانی لقی ٢٣ی قەرەچووغ کۆبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی٧ی ٢٠٢٥، لە بارەگای لقی٢٣ی قەرەچووغ، بەسەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق و بە ئامادەبوونی سەنگەر کانەبی بەرپرسی لق و کارگێرانی لق و بەرپرس و کارگێرانی ناوچە و ڕێکخراوەکان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، باسی لە دواین پێشھات و گۆڕانکاری و بارودۆخی ناوچەکە کردوو، ڕایگەیاند ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی و ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی ھەمیشە پەیامی ئاشتی و تەبایی و برایەتی ھەبووە بۆ گشت گەلانی ناوچەکە، ھەروەھا دیدگای سەرکردایەتیمان ئەوەیە ھەمیشە بژاردەی دیالۆگ باشترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سەرجەم کێشەکان.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق، بە وردی باسی لە ئەرک و کارەکانی کادیران کرد، سەبارەت بە ھەر پێشھات و بارودۆخێک کە لە کوردستان و ناوچەکە ڕوودەدات، پێویستە زۆر پیشەییانە و بەپێی ڕێنماییەکانی حیزب مامەڵەی لەگەڵ بکەن، ھەروەھا پێویستە ھەمیشە وەک پردی پەیوەندی نێوان ھاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕۆڵ بگێڕن و خزمەت بە خەڵکی خۆشەویست بکەن.





