جێگری پارێزگاری دھۆک: گرنگیدان بە زمانی کوردی لە کارە بەراییەکانی حکوومەت دایە

دھۆک -KDP.info- ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆک، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی تابلۆکان بەزمانی دیکە بۆ زمانی کوردی کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی پارێزگاری دھۆک لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی تابلۆکان لە شوێنە گشتیەکان بەڕێوەچوو، پێشتر ئەو بڕیارە دراوە و کاری لەسەر کراوە، ئەوەی ئەمڕۆ جەختکردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەتەواوی، چونکە زۆر گرنگیدان بە زمانی کوردی لە کارە بەراییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ناکرێت ئەو کارە پشتگوێ بخرێت."
ماجد سەید ساڵح گوتیشی "ئەو پرسە گرێدراوە بە کلتور، زمان، ڕۆشنبیری زمانی کوردی و خەڵکی کوردستان، بۆیە پێویستە ئەو گۆڕانکاریانەی بڕیاریان لێ دراوە جێبەجێ بکرێن، نابێت لەسەر تابلۆکان زمانی کوردی نەبێت."
لای خۆیشیەوە ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ھونەری و ڕۆشنبیریی لە پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگای دھۆک بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەکوردیکردنی تابلۆکان لەلایەن ھەموو کۆمپانیا، نووسینگە و بازاڕیش بوو، تەنانەت ئەگەر ناوێک کوردیش نەبێت پێویستە لە تەنیشت ناوەکە بەکوردیش بنوسرێت، بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە زمانی کوردی، بۆیە بڕیار درا، پێویستە ئەو بڕیارە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و شۆڕبێتەوە بۆ قەزا و ناحیەکانیش، ئەوانیش بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، پێشتریش کاری لەسەر کراوە، ئەمڕۆش کۆبووینەوە بۆ ئەوەی مکوڕتر کاری لەسەر بکرێت و بەدواداچوون بکرێت بۆ ئەوەی لە ھەرشوێنێک جێبەجێ نەکرابێت جێبەجێ بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




