وارشین سه‌لمان: كۆرنیشی شیلادزێ ده‌بێته شوێنێكی به‌ناوبانگی گه‌شتیاری

ئامێدی-KDP.info- قایمقامی ئامێدی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری له ده‌ڤه‌ره‌كه كاریان تێدا ده‌كرێت. ده‌شڵێ "كۆرنیشی شیلادزێ ده‌بێته یه‌كێك له شوێنه به‌ناوبانگه‌كانی گه‌شتیاری."
وارشین سه‌لمان، قایمقامی قه‌زای ئامێدی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆ، سه‌رۆكی حكوومه‌ت گرینگییه‌كی تایبه‌تی به ژێرخانی كه‌رتی گه‌شتوگوزاری ده‌ڤه‌ری ئامێدی داوه، ئێستا 16 پڕۆژه‌ی گه‌شتوگوزار له‌ژێر جێبه‌جێكردنن، دوای ته‌واوبوون، ئه‌و پڕۆژانه كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له سنووری قه‌زای ئامێدی دەبێت."
قایمقامی ئامێدی ده‌شڵێت "پڕۆژه‌ی كۆرنیشی شیلادزێ یه‌كێكه له‌و پڕۆژانه‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت، 50%ی پڕۆژه‌كه ته‌واو بووه، كۆرنیشی شیلادزێ به دیزاینێكی پێشكه‌وتوو ئه‌نجام ده‌درێت و ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕووباری ڕووی شین كه خۆی ئاوه‌كه ناوبانگێكی زۆری هه‌یه له جوانی و ڕاكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیاران."
وارشین سه‌لمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی كۆرنیشی شیلادزێ و پردی شووشه و چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار، ده‌ڤه‌ری ئامێدی بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، ساڵانه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌شتیار له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراق سه‌ردانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان ده‌كه‌ن."
قائید میرۆ




