٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامانجی ماستەر پلانەكه‌ ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناوچەیەکی سروشتی دڵڕفێنی هەیە و ناوچەیەکی گەشتیارییە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت، "ئامانجمان لە جێبەجێ کردنی ئەو ماستەر پلانە ئەوەیە، ئێمە چۆن بتوانین بەشێوەیەکی باشتر سوود لە کەرتی گەشتیاری وەربگرین.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەشڵیت، "پڕۆژەکە دووساڵ بەر لە ئێستا دەست بە دیزاین کراوە، ئێستا دیزاینەکەی تەواو بووە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان کە پێناسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەرێمی کوردستان دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لە شەلالی گەلی عەلی بەگ تا دەگاتە پردی یەکەم، دیزاین و دەست بەکارەکانی کراوە و بە ماوەیەکی کەم هەوڵ دەدرێت تەواو بکرێت.

باسی لەوەش کرد، بەشی دووەمیش کە بێخاڵە، یەکێکە لەو ناوچە سروشتییانەی کە لە سەرانسەری عێراق و وڵاتان بۆ گەشتیاری ڕوویلێ دەکەن، هەر بۆیە بێخاڵیش بە شێوەیەکی باشتر و جوانتر دیزاین کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێ کردنی دەکرێت.

ڕاشیگەیاند، بەمنزیکانە پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری گرنگ کە بە هەمان شێوە لە ناو ماستەر پلانی گەشتیارییە، جێبەجێ دەکرێت، ئەویش پڕۆژەی تەلەفریکە کە درێژییەکەی 11کم چوون و هاتنە، خاڵی سەرەتای لە لای قەپان دەبێت لە شەلالی گەلی عەلی بەگ لە چیای کۆرەکەوە دەپەڕێتەوە بۆ چیای با پشتییان لەوێشەوە بۆ بێخاڵ، لە بێخاڵیشەوە بۆ پڕۆژەی گەشتیاری شنگل بانە لەوێشەوە خۆی دەبەستێتەوە بە تەلەفریکی کۆڕەک بۆ سەر چیای کۆرەک.

هەڵگورد شێخ نەجیب ئەوەشی خستە ڕوو، ئامانج لە جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە کە گەشتیاران بەشێوەیەکی باشتر و جوانتر سروشت بیبینن، لە هەر قۆناغێک پڕۆژەیەکی جوان دروست کراوە لە کافتریا و خواردنگە بۆ گەشتیاران تاکوو چێژ لە سروشتی کوردستان ببینن.

هەواڵی پەیوەندیدار