٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر سیروان: پیلانی دیکەش دژی زمانی کوردی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info- توێژەرێک پێی وایە، عێراق ھێشتا پیلانی دیکەی ھەیە بۆ نەھێشتن و لاوازکردنی زمانی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان، دەشڵێ، یەکێک لەو شتانەی ناوچە کوردستانییەکانی پاراستووە زمانی کوردیە. 

د.سیروان مەخمووری، نووسەر و توێژەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەوەی دوێنێ لەبارەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕوویدا، دەمێکە لە عێراق کاری لەسەر دەکرێت و دەیانەوێ بە پیلان ھەموو کەرتەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، لە جووتیاران دەستیپێکرد، ئێستا گەیشتە ئەوەی زمانی کوردیش قەدەغە بکرێت. 

ئەو توێژەرە دەشڵێت: زۆرینەی دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان کوردن و بەکارھێنانی زمان کەمترین مافی مرۆڤە، چونکە زمان خوای گەورە بە مرۆڤی بەخشیووە و ناکرێت مرۆڤ ڕێی لێبگرێت، ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکان دەگوزەرێ دەستێکی سیاسی لەپشتە، زۆر لایەن کۆکن لەسەر ئەو بڕیارانە. 

د.سیروان مەخمووری ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پیلانی دیکەش دژی زمانی کوردی ھەیە، بۆ نموونە ئێستا دەیانەوێ بەشی خوێندنی کوردی لە مەخموور بخرێتە سەر پارێزگای نەینەوا، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی دژایەتی زمانی کوردی، چونکە سیستەمی کوردی نەینەوا زۆر لاوازە و بە شێوەیەکی لاوەکی کاری پێدەکرێت.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار