مهسروور بارزانی: دەمانەوێ كوردستان بكەینە ناوەندێكی ئابووریی گرنگ لە ناوچەكەدا

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕینی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵی بووەتە کارتی فشار، ئەوەش دژی یاسا و دەستوورە.
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی (الشرق نیوز)، لەبارەی کاتی ئەو ھێرشانە درۆنیانەی کە دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نایەوێت و ناتوانێت لە بری ھێرشکارانەوە لەمبارەوە قسە بکات و لێدوان بدات، کە ئاخۆ بۆچی لەم کاتەدا ھێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
سەرۆکوەزیران گوتیشی: لەگەڵ عێراق لە ھاوکاریداین بۆ ئەوەی بکەری ھێرشە درۆنییەکان ئاشکرا بکرێن، لەگەڵ ئەمەریکاش لە ھاوکارییەکی فراوانداین لەپێناو وەبەرھێنانی گشتی لە کوردستان ئەمەش لەپێناو گەشەپێدانی کوردستان. ھاوکات باسی لەوەکرد کە داعش ھێشتا لە عێراق و سووریا چالاکن و دەبێ چاودێری بکرێن.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: بەداخێکی زۆرەوە کە مووچەی خەڵکی کراوەتە کارتێکی سیاسی یان کراوەتە کێشەیەک لە نێوان بەغدا و ھەولێر، بەپێی یاسا و بەپێی دەستوور خەڵک مافی ئەوەیان ھەیە کە مووچەکانیان بەبێ دواکەوتن و بەبێ ھیچ کێشەیەک وەربگرن، بەڵام بەداخەوە کە مووچەی خەڵکی کوردستان وەک کارتێکی سیاسی بەکار دەھێنرێت، ئەمە کارێکی قەبووڵنەکراوە، نادەستووری و نایاساییە و دادگای فیدڕاڵیش بڕیاریداوە کە مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان نەبێتە بەشێک لە ململانێی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام بینیمان بۆ ماوەی سێ مانگ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دواخرا و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خەرج کرا کە ئەمە مووچەی مانگی ئایار بوو، لە کاتێکدا ئێمە ئێستا لە کۆتایی مانگی تەمووزین.
مەسروور بارزانی گوتیشی: بۆیە پێشبینی دەکەین کە مووچەی حوزەیران و تەمووزیش بێت، بەڵام با راشکاوبم لەگەڵتان، کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی مافی ئەوەی ھەیە کە بوودجەی خۆی لە کۆی بوودجەی عێراق ھەبێت، ئەمە ڕێگە راستەکەیە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە کە کە ھەرێمی کوردستان بەشداریی لە داھاتەکانی عێراق بکات و بوودجەی خۆیشی لە کۆی بوودجەی عێراق ھەبێت.
سەرۆکوەزیران جەختیشی کردەوە: ئێستا وەزارەتی دارایی لە ئاستی فیدڕاڵی دەستێوەردان دەکات لە وردەکاریی مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان ئەوەش پێشێلکارییەکی دەستووری و یاساییە. بۆیە ڕێی چارەسەری کۆتایی و زۆرتر واقیعی ئەوەیە کە ڕێککەوتن لەسەر بوودجەی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق بکرێت.
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە دەمانەوێ ھاوکاری لەگەڵ عێراقدا و ھاوسێکانیش بکەین، دەمانەوێ ھەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە و پێموایە لەمەش نزیکین. کوردستان مافی بەستنی ڕێککەوتنی لەباری وزەدا لەگەڵ کۆمپانیاکاندا ھەیە. بۆیە ھیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە لەبەردەم کوردستان بۆ بەستنی ڕێککەوتن و گرێبەست بۆ گەشەپێدانی کوردستان. دەمانەوێ کوردستان بکەینە ناوەندێکی ئابووریی گرنگ لە ناوچەکەدا، دەمانەوێ ئابوورییەکی بەھێز ھەبێت و ڕوانگەیەکی ھاوبەشمان لەگەڵ بەغدا ھەبێ بۆ ئەوەی ئابوورییەکی بەھێز لە ناوچەکەشدا ھەبێ. خواستمان ھەیە توانا و شارەزایی خۆمان لە بەشەکانی دیکەی عێراقیشدا بەکار بھێنین بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونەکانمان ببینن.
مەسروور بارزانی لەبارەی شەڕ و ململانێکانی ئیسرائیل و ئێران ڕایگەیاند: ھیچ کەس شەڕی ناوێ، ڕووبەڕووبوونەوەی ھەرلایەک لە ناوچەکەدا زیانی بۆ ھەمووان ھەیە، بەھیوای گەشەپێدان و ئاشتین و ھیوادارین شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی بەرپا بێت. ئێمە بەشێک نین لە شەڕی ئێران و ئیسڕائل و لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەدا نین، پشتیوانیی شەڕ ناکەین و ھاوکاریی ئاشتی دەکەین، ئاشتی و دیالۆگ چارەسەرە و ھەر ئەوەش دەبێتە ھۆکاری نەمانی کێشەکان.





