د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردیمان ھەڵوەشاندەوە

ھەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دوای پەیوەندیکردن بە وەزیری خوێندنی باڵای عێراق، ئەو بڕیارەی دژی زمانی کوردی درابوو ھەڵوەشێندرایەوە."
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندی باڵای عێراقمان، سەبارەت بە قەدەغەکردنی وەڵامدانەوە بە زمانی کوردی و تەرجومەنەکردنی بۆ زمانی کوردی ھەڵوەشاندەوە. خۆم قسەم لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بۆ ھەڵوەشانەوەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکووک کرد، وەزیری خوێندنی باڵا پێی ڕاگەیاندین، ئەم نووسراوە لەنێو چەندەھا نووسراوی ڕاسپاردە بووە و نەیخوێندۆتەوە واژووی کردووە."
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، دوای ھەڵوەشانەوەی بڕیارەکە، بە پەیوەندی سەرۆکی زانکۆی کەرکووکی ئاگادارکردۆتەوە و دڵنیایی پێداوە لە ھەڵوەشانەوەی بڕیارەکە.
جێی ئاماژەیە، ئەمە دووەم جارە ئەو بڕیارە ھەڵدەوەشێتەوە، پار بە ھەمان شێوەی ئێستا د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکە دەربری و ھەڵوەشێندرایەوە.
بڵند ئیبراھیم




