٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان دەخیل: وەجبەی یەکەم لەشنگال قەرەبووی ماددەی١٤٠ وەردەگرن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای کردنەوەی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ، ئێستا لە قەزاکانیش شوێن بۆ ڕاییکردنی مامەڵە تەرخان کراوە، تا ئێستا لە شنگال و شێخان زیاتر لە ھەشت ھەزار مامەڵە تەواوکراون، ئێستا وەجبەی یەکەم کە ١٧٥ کەسن ناویان گەڕاوەتەوە، ھەر یەکێکیان ١٠ملیۆن دینار وەردەگرێت.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای کردنەوەی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ لە قایمقامیەتی قەزای شنگال سێ ژوور تەرخانکران، لەجیاتی ئەوەی بچنە مووسڵ بۆ پێشکەشکردنی مامەڵەکانیان کە زۆر زەحمەتە، لەوێ کارەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ٣ھەزار و ٦٥٠ فایلی مامەڵەی ئەو کەسانەی قەرەبووی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە ئامادەکراون و ڕەوانەی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ کراون، ناوی ١٧٥ کەس گەڕاوەتەوە و چەکی ١٠ملیۆن دیناری وەکو قەرەبوو وەردەگرن، بڕیارە وەجبەی دووەمیش لەماوەی کەمتر لە مانگێکی دیکە قەرەبوو بکرێنەوە.
ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو ھەموویان بەپێی ماددەی ١٤٠ کە لە دەستوری عێراق ئاماژەی بۆ کراوە قەرەبوو دەرێنەوە."
ڤیان دەخیل گوتیشی "لە قەزای شێخان تا ئێستا ٤ھەزار و ٤٠٠ مامەڵە تەواوکراون، بە شێخان و شنگالیش ٨ھەزار و ١٥٠ مامەڵە تەواوکراون، بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی ھەرچەندی ھەبێت مامەڵەیان بۆ بکرێت و ڕەوانەی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ بکرێن بۆ قەرەبووکردنەوە."
دەشڵێت "سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە فەرمانی دەرکردووە بۆ ئەوەی ڕزگاربووانی دەستی داعش لە زانکۆ و پەیمانگاکان و خوێندنی باڵا درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن لە ھەرێمی کوردستان، ئەمە پڕۆژەیەکی مرۆڤایەتییە و پشتگیرییەکی زۆر گرینگە بۆ کۆمەڵگای ئێزدی و ئەمەش جاری یەکەم نییە سەۆکی حکوومەت پشتگیری لە ھەموو کوردانی ئێزدی دەکات".

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار