٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەهلە ئەفەندی: هەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر و پێویستە بڕیارەکە هەڵوەشێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە بڕیارێک وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و وەرگێڕان لە کاتی تاقیکردنەوە بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک، موسڵ و دیالە قەدەغە دەکات.

ڕۆژی 15-7-2025 د. حەیدەر عەبد زوهد، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق واژۆی لەسەر نووسراوێک کردووە و بۆ زانکۆ ئەهلی و حکوومییەکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ناردووە. سەرجەم زانکۆکان پابەند دەکات زمانی فەرمی لە پرسیاری تاقیکردنەوەکان عەرەبی و ئینگلیزییە. بەهەموو شێوەیەک زمانی کوردی لە وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوە و تەنانەت وەرگێڕانیش قەدەغە دەکات.

په‌یوه‌ست به‌و بڕیاره‌ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، د. نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لەم هەفتەیە ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو نووسراوە دەکەین، ئەگەر بڕیارەکە هی وەزیری خوێندنی باڵا بێت پێویستە هەڵوەشێتەوە، ئەگەر بڕیارەکەش تاکڕەوی بێت پەنا بۆ دادگا دەبەین. هەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بڕیارەکە هەڵوەشێتەوە.

د. نەهلە ئەفەندی گوتیشی، "سەرەتا بەو بڕیارە دەستیان پێکرد، وتیان لە کۆلیژی یاسا تەنیا دەبێ زمانی عەرەبی بەکاربێت. ئێستا دەڵێن تەنانەت نابێ لە هەموو کۆلیژەکان وەرگێڕان بە زمانی کوردیش بکرێت. ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی دەستوورە. ئەم بڕیارە لێکەوتەی خراپی دەبێت، پێشووتر قوتابیانی کورد لە کاتی تاقیکردنەوەکان کێشەیان هەبوو پێویستیان بە وەرگێڕ بوو.

ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق ده‌شڵێ، "ئەم بڕیارەی بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای عێراق پێچەوانەی ماددەی 4ـی دەستووری عێراقە کە زمانەکانی عەرەبی و کوردی وەک دوو زمانی فەرمی دەناسێنێت. ژمارەیەکی زۆر قوتابیانی کورد لەو ناوچانە دەخوێنن، بەتایبەت پارێزگای کەرکووک، چاوەڕێ دەکرێت ئەم بڕیارە ئاستەنگی زۆر بۆ قوتابیانی زانکۆ لەو ناوچانە دروست بکات. 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار