٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەت وردەکاریی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ KDP ئاشکرا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان دەڵێ "بەھۆی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارەیەکی بەرچاوی کوڕ و کچی شەھیدان سوودمەند دەبن." 

د.ناڤسەر نووری عەبدال، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی دارایی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە ‌ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی لە پێشینەی ھاوسەرگیری دەرکردووە کە پێشتر لەڕێگەی بانکەکانەوە لێی سوودمەند بوونە." 

بریکاری وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت "پێش قەیرانی دارایی حکوومەت پێشینەی ھاوسەرگیریی بەسەر ئەو کەسانەدا‌ دابەشکرد کە پرۆسەی ھاوسەرگیرییان پێک دەھێنا، بەڵام ھەر ئەوکات وەک مینحە پێنج ملیۆن دینار بە ‌ھەر کوڕ و کچێکی شەھید درا کە چوونە پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە و پارەکە دیاری بوو." 

د.ناڤسەر ڕوونیشی کردەوە "لە ‌دەرەوەی مینحەی وەزارەت کوڕ و کچی شەھیدان پێشینەی ھاوسەرگیرییان لە بانکە ئەھلییەکان وەرگرتووە، کە بۆ خەڵکی ئاساییش ھەبووە، ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ھەر کوڕ و کچێکی شەھید پێشینەی ھاوسەرگیریی لە بانک وەرگرتبێت، لێخۆشبوونی بۆ دەردەکرێت و بڕیارەکە زیندانیانی سیاسیش دەگرێتەوە، تەنیا یەک مەرج ھەیە، کە پێویستە پێشتر ئەو کەسە لە مینحەی حکوومەت سوودمەند نەبووبێت." 

ھەر کەسوکارێکی شەھید و ئەنفالکراو بۆ ھەر زانیارییەک دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شەھیدانی سنووری خۆی بکات بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی پێویست. 

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار