وەزارەتی کارەبا بۆ KDP: ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبای تازە بەرھەم دێنین

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە پڕۆژەی ڕووناکی، ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبای تازە بەرھەم دێت، کە تا ساڵی داھاتوو بەرھەمھێنانی تەواو دەبێت و دەچێتە سەر بەرھەمی ئێستای کارەبای ھەرێمی کوردستان.
فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی (دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری) لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام ھەبێت و ئێستاش لە ڕێگەی كۆمپانیای دانەغاز کار دەکرێت بۆ زیادکردنی ٢٠٠ مەقمق غاز کە توانای بەرھەمھێنانی ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبای لە ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بێت و بخرێتە سەر بەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان.
فارس میرخان گوتیشی، لە ئێستادا کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو مانگی سێی ساڵی داھاتوو ئەو پڕۆژەیە تەواو بێت و ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم بێت، کە ئەمەش ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، چونکە لە ئێستادا لەو شوێنانەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی پێگەیشتووە، بێ پچرانە و بەردەوام کارەبایان ھەیە و بە ھیچ شێوەیەک لەسەر حیسابی ئەو ناوچانەش نییە کە ھێشتا پڕۆژەی ڕووناکییان پێ نەگەیشتووە، کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو کارەبای بەردەوام بگاتە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەی ڕووناکی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمی کارەبا دەگاتە زیاتر لە ٤ ھەزار مێگاوات کارەبا.
بڵند ئیبراھیم




