گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێم: چاوەرێ دەکەین ئەمڕۆ بەغدا مووچە بنێرێت

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "چاوەرێ دەکەین ئەمڕۆ بەغدا مووچە ڕەوانە بکات و سبەی دەست بە دابەشکردنی بکرێت."
پێشەوا ھەورامی ، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند "بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، دوێنێ باسیان لەوە کردبوو پارەی کاش سیولە نییە، داوا لە بانکی ناوەندی کراوە پارە دابین بکرێت و بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، بۆیە کێشەیەکی گەورە نییە و ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە، ئێستا لەبەردەستی وەزیری داراییە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەمرۆ مووچە ڕەوانە بکرێت."
پێشەوا ھەورامی گوتیشی "پێشتر باسیان لەوە دەکرد فەرمانی خەرجکردن نیە، ئێستا ھەموو شتەکان تەواوبوونە و ڕێوشوێنی ئیداریش تەواوبووە، تەنیا ماوە ڕەوانە بکرێت، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ پارە ڕەوانە بکرێت سبەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی دەکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پارە ڕەوانە بکرێت، حکوومەتیش ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچە کردووە، بۆیە گەر پارە بگات لە ڕۆژانی پشووش مووچە دابەش دەکرێت و فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و گەنجینەکان دەگەڕێنەوە دەوام."
دەشلێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێی کردووە، ئەوەی ڕوودەدات ھەندێک دەستوەردانی ناوخۆ و دەرەوەش ھەبوون، چیتر نابێت بەم جۆرەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ماف و مووچەخۆرانی ھەرێم بکرێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و خەمی ئەوەی نەبێت ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین، چونکە بەزیادەوە ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە."
بڵند ئیبراھیم




