٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە بۆ KDP: یەکپۆشی گفتوگۆی لەباره‌وه‌ کراوە و چاوەڕێی بارودۆخەكه‌ دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، پرۆژەی یەکپۆشیی قوتابیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆی لەسەر کراوە و چاوەڕێی ئەم بارودۆخەی ئێستا دەکەین، ئەگەر بارودۆخەکە چارەسەر بێت، ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت، چونکە پێمان باشە لە ناوەندەکانی خوێندن یەکپۆشیی جلوبەرگی قوتابیان جێبەجێ بکرێت.

د. سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی یەکپۆشیی جلوبەرگی قوتابیان لە قوتابخانە حکوومییەکان کراوە، ئەوەی گرفتە بەھۆی ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە قەیرانی داراییە، ئەمە وا دەکات جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە زەحمەت بێت، ئەگەرنا ئێمە پلانیشمان بۆ دانابوو بۆ ئەوەی یەکپۆشی لە قوتابخانەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێمە پێمان باشە ھەموو قوتابیان یەک جۆر جلوبەرگیان ھەبێت و رێکوپێک بێت و شێوەیەکی جوان نیشان بدرێت، بەڵام بارودۆخی خەڵکی خۆمان لەبەرچاو دەگرین.

د. سەیوان گوتیشی، لە وەزارەتی پەروەردەی ئەو بیرۆکەیەمان گەڵاڵە کردووە و باسیشمان لێ کردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکەین ئەگەر لەم چەند مانگەی ماوە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و ئەو قەیرانەی ھەیە چارەسەر بکرێت، ئەوکات بڕیارێکی لێ بدرێت و یەکپۆشی لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێ بکرێت، بۆیە چاوەڕێی دۆخەکە دەکەین.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

- 

هەواڵی پەیوەندیدار