٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ئامادەبوونی مەلامستەفا بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی چەمێ دانرا

سەرچاوە: KDP.info

مێرگەسۆر-KDP.info- وەک ڕێزگرتن و وەفا بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان لەلایەن بەڕێز خالد خدر فەقێ ناسراو بە (خالد خۆشناو)  پڕۆژەی دروستکردنی (پردی چەمێ) پێشکەش بەخەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی دەڤەری بارزان کرا، کە لە سەر ئەرکی کۆمپانیای ھێمن گرووپ دروست دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٥ لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و بەڕێزان خالد خۆشناو و بەرپرسانی ئیداری، حزبی، سەربازی و ژمارەیەک لە کەسایەتی و ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە بە دروشمی (ھەر ئاوەدان بێت کوردستان) بەردی بناغەی پڕۆژەی (پردی چەمێ) دانرا .

لە ووتارێکدا مەلامستەفا بارزانی زۆر بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی بەرێز جەنابی سەرۆک بارزانی، ئاراستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەی کە لە پێناو خزمەتی ووڵاتدا ئەنجامی داون، بە تایبەت جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی (پردی چەمێ)، کە بە ھەستێکی نیشتمانپەروەرانە ئەرکی جێبەجێکردن و تێچووی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە و پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگر و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوانی دەڤەری بارزانی کردووە، مەلامستەفا بارزانی ئەم خزمەت و دیارییە پڕ بەھایەی بەرز نرخاند، ھیوای خواست کە لەم کارە خێردار و پیرۆزانە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان بەردەوام بێت، ھەروەھا پیرۆزبایی لە دانیشتووانی دەڤەرەکە کرد بۆ ئەم پڕۆژە گرنگە، کە کارئاسانی بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەکات.

پردی کۆنی چەمێ بە ھۆی بەرتەسکی و سنوورداری لە توانای بەرگەگرتن لە قورسایی و زەحمەتی بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان دروست کردبوو، ئەم پردە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن ھەبوو، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم پردە نوێیە سوودێکی گەورە بە دەڤەرەکە دەبەخشێت و دانیشتووانی ژمارەیەکی زۆر گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا کارئاسانی بۆ ئەو گەشتیارانە دەکات کە بە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی (زێت) ھاتووچۆی دەرەوەی وڵات دەکەن.

پردی چەمێ، کە لەسەر رووباری ڕووکوچک دروست دەکرێت، درێژیەکەی ١١١ مەترە وە پانیەکەی ٢١ مەترە، ڕێگاکە لەسەر پردەکە دوو ساید دەبێت، جیا لە دروستکردنی پردەکە ڕێگاکە لە ھەردوو لای  پردەکە بە درێژی زیاتر لە ٢ کیلۆمەتر بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بەپێی ستانداردە ئەندازیارییەکان دروست دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار