دایە سەبیحە بۆ مەسروور بارزانی: خێر و بەرەکەتت لۆ هیناین

هەولێر-KDP.info- دوێنێ لە ڕێوڕەسمی كارپێكردنی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، دایە حاجییەك قورئانێكی كردە دیاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گوتی، (یەک قەترە ئاومان نەبوو خێر و بەرەکەتت لۆ هیناین، یاڕەبی خوای گەورە لۆ خاتری ئەو قورئانە پیرۆزەی بتپارێزی)."
ڕۆژی یەكشەممە 20ی 7ی 2025، د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی 2 پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وێنەیەكی ساتی بەخێرهێنانی دایە حاجییەكی لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، "پێش چەند ڕۆژێک لەمیانەی کەمپەینی گوێگرتن لە خەڵک، لە گەڕەکی هاوکاریی شاری هەولێر دایە سەبیحەمان ناسی و بەخزمەتی گەیشتین کە گرفتی ئاوی ئەو گەڕەکە چەندین ساڵە بوو."
بەرپرسی لقی 2 پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، "دواتر سەردانمان کردەوە و بینیمان لە حەوشەی ماڵەکەی ئاویان هەیە و کەرەستەکانی پڕ ئاوکردووە، یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر لە خەمی ئاوی گەڕەکەکەی بوو و بەردەوام لە پەیوەندی بووە بۆ چارەسەری و یەکێکیش بوو لە ئامادەبوانی ڕێوڕەسمی کارپێکردنی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، کاتێک سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی کرد، قورئانێکی پیرۆزی پێشکەش بە جەنابی کاک مەسروور بارزانی کرد و گوتی، "(یەک قەترە ئاومان نەبوو خێر و بەرەکەتت لۆ هیناین، یاڕەبی خوای گەورە لۆ خاتری ئەو قورئانە پیرۆزەی بتپارێزی)."





