٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەتی بازرگانی باسی ڕەوانەکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئەمساڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات، لەمەودوا ھەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکرێت." 

سەروەر کەمال ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "تا ئێستا بەغدا ھیچ بڕەپارەیەکی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە بۆ گەنمی جووتیاران، خۆی پارە بە وەجبە دێت، لە عێراقیش وایە، پار بە حەوت وەجبە پارەیان سەرفکرد، ئەمساڵ دیار نییە و تا ئێستا ٣ وەجبە بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق سەرف کراوە، ھەر جارەی ٥٠٠ملیۆن دینارە، دوێنێ کۆتاییمان بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم ھێنا، زیاتر لە ٣٩١ھەزار تەن گەنم وەرگیراوە، چاوەڕێ دەکرێت لە وەجبەی چوارەم پشکی ھەرێم ڕەوانە بکرێت. 

ھەندێک جووتیاریش گەنمیان ڕادەست نەکردووە چونکە نایانەوێت چاوەڕێی پارە بکەن ئاخۆ کەی دەنێردرێت، بۆیە لە بازاڕ دەیفرۆشن، بۆیە بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە کە بۆمان دیاری کرابوو، کە ٤٠٠ھەزار تەن بوو." 

سەروەر کەمال ھاواری گوتیشی "ئەمساڵ ھەندێک گەنمی ناوچە کوردستانییەکان خرایە ئەستۆی ئێمە وەریگرین، لە دیبەگە و مەخمور ٢٦ھەزار تەن بوو، لە شێخانیش ٩ھەزار تەن بوو، بەکادیری خۆمان وەرمانگرت، چونکە ئەمساڵ سایلۆی ڕوڤیا و کەلار لە نوێیی کرانەوە، سایلۆی قوشتەپەش پار کرایەوە، بۆیە عێراق پەنای بۆ ئێمە ھێنا بەھۆی ئەوەی توانای ئێمە زۆرە، جگە لەوە گۆڕەپانێکمان لە ڕوڤیا ھەیە پار زیاتر لە ٥٣ھەزار تەنیان لێ وەرگرت، ئەمساڵیش ٢١ھەزار تەنیان لێ وەرگرت، خۆیان سەرپەرشتیان دەکرد، ئەمە جگە لەو ٣٩١ھەزارتەنە.

کاتێکیش لە ١٠/٦ لە سلێمانی دەستمان بە وەرگرتنی گەنم کرد، لە سایلۆکانی خۆمان ٣٢٢ھەزار تەن گەنم مابوو، تەنیا مۆڵەتی یەک وەجبەیان دا بدرێت بە کارگەکان بۆ ئاردی پسولەی خۆراک، بۆیە لە سایلۆی ڕانیە ١٢ھەزار تەن گەنمی جووتیاران مابوو، شوێنمان نەبوو وەریگرین، بەھۆی ئەوەی گەنمی پار مابووەوە، جا داوامان کرد گەنمی لێ دەرکەین بۆ ئەوەی ئەو گەنمە وەرگرین، ئەوەشمان چارەسەر کرد و گەنممان لێ وەرگرتن و کێشەکە چارەسەر کرا." 

دەشڵێت "بەردەوام ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی شایستەی دارایی جووتیارەکان بدرێت و سەرف بکرێت، چونکە تا ئێستا دیار نییە کۆی پارەکە دەکاتە چەند، بەڵام بەگشتی نرخی ھەر تەنێک لە نێوان ٨٠٠ بۆ ۸۲٥ ھەزار دینار دەبێت، چونکە خۆی ٨٥٠ھەزار دینار دانرابوو، ئەوەش بەبڕیاری بەغدا و ھەندێک ڕێکار هەمووی نادرێت و کەمی دەکەنەوە، بۆیە بەو شێوەیەی باسم کرد نرخەکە دیاری دەکرێت." 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار