ستێفانۆ پیتزۆتی، وەک فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠-٧-٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە ھەولێر و ژمارەیەکی تر لە فەرماندەیی سەربازی و بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکوومی، لە ڕێورەسمێکدا ئاڵۆگۆڕی پۆستی فەرماندەی ھێزەکانی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەڕێوەچوو، کە لە شوێنی ئەنتۆنێلۆ ئەندریۆتۆلا، فەرماندەی ھێزەکانی سوپای ئیتاڵیا، ستێفانۆ پیتزۆتی، وەک فەرماندەی ھێزەکانی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، وێڕای پیرۆزبایی، سوپاسی تیمی ھاوکاری سەربازی مەدەنی ھێزەکانی ئیتاڵیای کرد و ڕۆڵی ھێزەکانی ئیتاڵیا و پشتیوانی و ھاریکارییەکانی بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرز نرخاند و ئومێدی خواست ھەماھەنگی و ھاوبەشەیەکانیان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە زیاتر بێت.
جێگەی باسە، ئیتاڵیا چەندین ڕاوێژکار و سەربازی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.






