خالد عەباس: بڕیاری نەھێشتنی مەرەکەب کاریگەری لەسەر ھەڵبژاردنەکان نابێت

بەغدا -KDP.info- کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ بڕیاری دا لە ھەڵبژاردنی داھاتوو مەرەکەبی دەنگدان نامێنێت. بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک دەڵێت "ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە و ھیچ کاریگەریشی لەسەر ھەڵبژاردنەکان نابێت."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا لەمەودوا و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو مەرەکەبی دەنگدان نامێنێت، ھەر کەسێک پێشتر دەنگی خۆی دەدا پێویست بوو پەنجەی بخاتە ناو مەرەکەبەکە بۆ ئەوەی بزانرێت دەنگی داوە، بەڵام لەمەودوا ئەو مەرەکەبە نامێنێت، لەبەر ئەوەی ئێستا ئامێرەکان بە جۆرێکن کەس ناتوانێت دووبارە دەنگ بدات."
لای خۆیشیەوە خالد عەباس بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەو بڕیارەی کۆمسیۆن ھەنگاوێکی زۆر باشە و ھیچ پێویست بەو مەرەکەبە ناکات، چونکە ئەستەمە ھیچ کەسێک بتوانێت دووبارە بچێت دەنگ بدات، ئێستا ئەو مەرەکەبە زیادەیە و بگرە تێچووشی زۆرە، زۆر جاریش گرفتی بۆ ئێمە دروست کردووە، بۆیە نەھێشتنی کارێکی زۆر باشە."
دەشڵێت "جار ھەبووە دەنگدەر پێش ئەوەی وەرەقەی دەنگدان بخاتە ناو سندووق دەستی دە مەرەکەبەکە ناوە، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی ئامێرەکان ئەو وەرەقەیە نەخوێننەوە و زۆر جاریش دەنگی باتڵ کردووە، بۆیە ئێستا ئامێرەکان زۆر پێشکەوتوون و پێویست بەو مەرەکەبە ناکات."
بڵند ئیبراھیم




