سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لە بەرژەوەندی ڕزگاربووانی دەستی داعش دا

شنگال-KDP.info- سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەڵێت "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە ڕزگاربووانی دەستی داعش دەدات، بەپێی بڕیارێکی تازەی، ڕزگاربووان لە زانکۆی ئەھلی و حکومی بێ بەرامبەر دەخوێنن و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت و لە خوێندنی باڵاش وەردەگیرێن."
سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لەسەر داواکاری بنکەی لالش کە لەڕێگەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە داوامان کردبوو، ڕزگاربووانی دەستی داعش بێ بەرامبەر لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان لە حکومی و ئەھلی بخوێنن و لە خوێندنی باڵاش وەربگیرێن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندی داوە و فەرمانیشی پێ دەرکردووە."
سەعید جردۆ گوتیشی "فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو خاڵ لەخۆ دەگرێت، یەکێک لەوانە ڕزگاربووانی دەستی داعش، ئەوانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە، دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خوێندنی خۆیان تەواو بکەن، حکوومەت سەرجەم پێداویستییان بۆ دابین دەکات و خوێندنیش بەخۆڕاییە و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت، بۆ خوێندنی باڵاش وەکو دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، ئەمەش بەشێکە لە پڕۆژەی ساڵی ڕابردوو کە لە مانگی حەوت پڕۆژەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕەگەیاند، بۆیە ژمارەیەکی باشی ڕزگاربووان لێی سودمەند دەبن."
جردۆ باسی لەوەش کرد "فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچووە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بۆتە ھۆی دڵخۆشی ڕزگاربووان و زۆر بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دڵخۆشن، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانای دابێت بۆ خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەیکات، مینحەی مانگانەی بۆ دابین کردوون و کەناڵێکی ئاسمانیشی بەناوی سەما بۆ کوردانی ئێزدی کردۆتەوە و لە ناوچەکانی ئێزدینشینیش خزمەتی زۆری پێشکەش کردوون، ئەمەش جێگەی ڕێز و سوپاسە."
بڵند ئیبراھیم




