٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری شارەوانی موژدەی بووژانەوەی سامانی ئاوی ژێر زەوی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو، هەولێر لە گرفتی دەیان ساڵەی کەمئاوی ڕزگار دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، جێی خۆشحاڵیی و شانازییە ئەمڕۆ، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورە پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەست بەکارکردن دەکات. ئەم پڕۆژەیە، هەولێر لە گرفتی دەیان ساڵەی کەمئاوی ڕزگار دەکات، هەروەها بۆ دەیان ساڵی دیکەش گرفتی کەمئاوی چارەسەر دەکات.

وەزیری شارەوانی گوتیشی، "پڕۆژە هاوشێوەکانی دیکەش، وەکوو پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەماڵ و دەوروبەری، پڕۆژەی ئاوی قووشتەپە و بێستانە و گوندەکانی، چوونە پێشەوەی کارەکانی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، ڕەنگیان داوەتەوە. هەروەها دانانی خزمەتگوزاریی ئاو بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کاری حکوومەت دادەنرێت.

دەشڵێت، "ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان لەسەر ئاستی عێراق و بە ژێرخانێکی گرنگ و سێکتەری دابینکردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. چوارەمین وێستگەی چارەسەری ئاوە لە شاری هەولێر و گەورەترین وێستگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە وێستگەی چارەسەرکردنی ئاو کە توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە ڕۆژێکدا. لەگەڵ  هێڵی گواستنەوەی سەرەکی لە ڕێگەی 204 کیلۆمەتر لە بۆریی جۆری کاربۆن ستیل بە تیرەی جیاواز بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار لە لایەن کۆمپانیان هێمن گرووپ جێبەجێ کرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی توانای دابینکردن و دیزاین و جێبەجێ کردن هەروەها لە ڕووی تەکنۆلۆجیای بەکارخستن و ئەندازەییەوە بە یەکەمین پڕۆژە دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق و بۆ یەکەم جارە بەم خێراییە و بەم ئاستەبەرزەی کار پڕۆژەیەکی وا جێبەجێ بکرێت، کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک و بە کاری بەردەوامی 24 کاتژمێری کراوە. 

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمە چوارەمین پڕۆژەی ئاوە بۆ شاری هەولێر، لە دوای پڕۆژەکانی ئیفرازی یەک و دوو و سێ کە لە ساڵانی1968 و 1983 و  2006 دروست کراون و بە هەرسێ پڕۆژە 300 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن لە ڕۆژێکدا، بەڵام تەنیا لەم پڕۆژەیە بە قەدەر هەرسێ پڕۆژەی پێشتر و بە زیادەی 180 مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا ئاو بەرهەم دەهێنرێت. بە تەواوبوونیشی زیاتر لە هەزار بیر دادەخرێن و بەمەش سامانی ئاوی ژێر زەویمان دەبووژێتەوە.

باسی لەوەش کرد، تەنیا لە ماوەی 6 ڕۆژی ڕابردوو، 180 بیر ڕاگیراون و مەزەندە دەکەین، لە ماوەی 10 ڕۆژی دیکە، ژمارەی بیرە ڕاگیراوەکان ببنە 300 بیر.

هەروەها دەشڵێت، ئەم پڕۆژەیە لە بەرزیی 262 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا دروست کراوە ئاو لە زێی گەورەوە بۆ شاری هەولێر دەگوازێتەوە و بە مۆدێرنترین تەکنۆلۆجیای سەردەم کار دەکات. سەرەتا لە یەکەی وەرگری پڕۆژە، کە دامەزراوەیەکی ئاست بەرزە لە ڕووی ئەندازەییەوە و بە دوو هێڵی تیرە جیاواز ئاو لە زێی گەورەوە دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی چارەسەرکردن، لەو بەشەدا بە پێنج قۆناغی چارەسەرکردن ئاوەکە پاک دەکرێتەوە، بە تەواوی دوایی دڵنیا بوونەوە لە پشکنینە بایۆلۆجی و کیمیایی و فیزیاییەکان ئاوەکە ئامادە دەکرێت.

هەروەها لەسەر ئاستی عێراق یەکەم جارە بەفیڕۆچوونی ئاو لە پڕۆژەکەدا سفر بێت، ئەمەش بە  هۆی سیستەمی پێشکەوتووی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو لەناو وێستگەکەدا. ئێستا قۆناغی یەکەمی پڕۆژە کە بریتیە لە هێڵی ئێم ئاڕ زیرۆ 2 کە تیرەکەی1200ملیمەترە و بەهەشت هێڵی لاوەکی تەواوی گەڕەکەکانی دەوروبەری دەرەوەی بازنەی شەقامی 120 مەتری هەر لە شەقامی کۆیەوە تاکوو شەقامی مووسڵ بە شارۆچکە و شارەدێیەکانی دەوروبەری هەولێر، ئاو دابین دەکات کە زیاتر لە 120 هەزار خێزان سوودمەندن و ڕۆژانە لەو هێڵەوە 130 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێ دەگات. 

لە قۆناخی یەکەمدا، ئەم پڕۆژەیە ئاوی خاوێنی بەردەوام بۆ ئەم گەڕەکانە دابین دەکات، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا گرفتی کەمئاوییان هەبووە، لەوانە: ڕەشکین، 32 پارک، توڕەق، شاری ئالان، شاری دیاری، باغڵومنارە، مامزاوە، قەتەوی، ژیان، ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، زەیتون سیتی، دارەتوو، بنەسڵاوە، هیران سیتی، ئاڵتون سیتی، گەلاوێژ، ئاوێنەی شار، بێرکۆتی نوێ، تەعجیلی نوێ، 8 و 5ـی حەسارۆک، هاوکاری، کەسنەزان، زیلان، لاوان، ئاییندەی دوو، ئەندازیاران، ئاشتی و قەڵاتی نوێ. 

هەواڵی پەیوەندیدار