لیژنەی ئاسایش و بەرگری سەردانی ھەرێمی کوردستان دهکەن

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی پێنج کەسی لە پەرلەمانی عێراق پێکھاتووە و سەردانی شوێنی ھێرشە درۆنییەکان دەکات و راپۆرتێک ئامادە دەکات و دەیداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەوانیش دەیدەنە سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنە بەر، بۆیە گەر حکوومەت جیددی بێت، ئاشکراکردنی ڕاستییەکان ئاسانە، چونکە ئەمە لێدانە لە ئابووریی کوردستان و بۆ تێکدانی سەقامگیرییە و نایانەوێت ھەردوو حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن.
سەگڤان سندی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکھاتووە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و بڕیارە ئەو لیژنەیە سەردانی سەرجەم ئەو شوێنانە بکات بۆ لێکۆڵینەوە، کە درۆنیان ئاراستە کراوە و لیژنەکە لێکۆڵینەوەی ورد دەکات لەبارەی ھێرشە درۆنییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکەن و دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و ئەوانیش دواتر ڕەوانەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراقی دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.
سندی گوتیشی، پێشتریش لیژنەی دیکە لەبارەی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان پێکھێندراون، چونکە ئەوەی دەکرێت جاری یەکەم نییە و چەندین جارە ئەو ھێرشانە دووبارە دەبنەوە، بۆیە ھۆکاری ئەو ھێرشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەر کاتێک ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک نزیک دەبنەوە، ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێئومێد بکرێن، جگە لەوەش ئەوە لێدانە لە ئابووریی کوردستان و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیری نەبێت.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، گەر حکوومەتی عێراق جیددی بێت، بە ئاسانی دەتوانێت شوێنی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان ئاشکرا بکات، بۆیە پێویستە ئەمجارە بە جیددی کاری لەسەر بکرێت و ڕێکار بەرامبەر ئەوانە بگرنە بەر کە ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە بڕیارە ئهم ھەفتەیه ئەو لیژنەیەی پێکھاتووە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکان دەست پێبکات.
بڵند ئیبراھیم




