٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیاندنی پارتی ڕێز لە نووسەری کۆچکردوو (محەممەد شێخ مستەفا زراری) دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ـی ٧ـی ٢٠٢٥ لە ھۆڵی موکریانی، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن و خانەوادەی کۆچکردوو (محەممەد شێخ مستەفا زراری) و، ژمارەیەک لە نووسەر و ھونەرمەند و شاعیر و بەرپرسانی حزبی و حکوومی، لە مەڕاسیمێکدا بە ناساندنی کتێبی (مەم و زینی ئەحمەدی خانی، لێکدانەوە و شرۆڤەی سۆرانی)، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن ڕێز لە نووسەری کۆچکردوو محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری گرت.

د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا، باسی لە گرنگیی مەم و زین وەک شاکارێکی مەزن کرد، کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ "مەمی ئالان" دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک کە شرۆڤە و لێکدانەوەکە لە باکوور بۆ بۆیەزید دواتریش بۆ گوندێکی پشتی ھەولێر و لە ڕێی گۆڕینی شێوەزارێکەوە بۆ سۆرانی، ھەموو ئەمانە بابەتی گەلێک گرنگن کە گرنگە ڕۆژنامەنووس و نووسەران بە قووڵی کاری لەسەر بکەن.

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن، لە درێژەی گوتارەیەکەیدا گوتی: کەسایەتییەکی وەک مامۆستای کۆچکردوو مامۆستا (محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، ئەگەر ژیاننامەی ئەم کەڵە مرۆڤە بخوێننەوە، ئەوکات بە گرنگییەوە، وەک بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن ڕێز لەم کەسایەتییە دەگرین، ئەمەش وەک بەشێک لە کارکردن لە بوارەکانی ھونەر و ڕۆشنبیری و کەلتوور و ئەدەب. هەروەها ئەحمەدی خانی یەکێک لەو سیمبول و ھێمایانەیە کە دەبێت ھەموو پارچەکانی کوردستان کاری لەسەر بکەن و وانە و پەندی لێوەرگرن. ئەحمەدی خانی لە زیھنی ھەموو کوردێک دەژی، دنیا و نەتەوەکانی دیکەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.

بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی پڕ بەھا و سەروەری مامۆستا (محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، ڕێزلێنانی بەخشیە خانەوادەکەی.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتاری بنەماڵەی نووسەر (محەمەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، خوێندرایەوە. تیایدا سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد کە ھەمیشە بە گرنگی و بایەخەوە یادی نووسەرانی گەورەی کورد دەکاتەوە، ئەم ھەنگاوەشیان وەک ھەنگاوێکی پڕ بەھا وێنا کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار