وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بێنە سەر خەت

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئاماژەی بەوە كرد، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبرێژکراوەوە چەند هێرشێكی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عەین سوفنا لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆك و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رایگەیاندووە: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 16/7/2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبرێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عەین سوفنا لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، هەر چەندە هێرشەکان زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە توندی ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات، کە مەبەست لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجی خۆی لە دابین کردنی سەقامگیری ووزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.




