وەزارەتی ناوخۆ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکەی وەرتێ بڵاوکردەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێدراون بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەسەر ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی سنووری شارەدێی وەرتێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ـی تەمووزی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو، بەھۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لە ھاووڵاتییانی سنووری شارەدێی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا ھاووڵاتییەک بەناوی حەسەن ڕەحمان گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوەکردن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، ھاووڵاتیان و کەسوکاری قوربانییەکە دڵنیا دەکەینەوە کە مافی ھەموو لایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا ڕێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت.




