ھەڵگورد شێخ نەجیب: دۆخی سنوورەکە ئارامە و ئەمڕۆ کێشەی کارەباش چارەسەر دەکرێت

سۆران -KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی "ئێستا دۆخی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئارامە و ئاساییبۆتەوە، ئەو کێشەیەی کارەباش کە ھەبوو ئەمڕۆ چارەسەر دەبێت."
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دۆخی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئارامە وئاسایی بۆتەوە، لەگەڵ وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەسەر ھێڵ بووینە، کێشەی کەمی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چارەسەر دەکرێت، بۆیە ئەو کێشەیەی ھەبووە ئەمڕۆ بەتەواوی چارەسەر دەبێت، لەو گوندانەی کێشە دروست بووە، مولیدە نەبووە، کارەباش کەمبووە، ئەو کێشە دروست بووە، ئێستا ئەوەش چارەسەر کراوە."
ھەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی "ھەر سەرەتای ئەو کێشەیەی کارەبا ئێمە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە دانیشتنمان ئەنجامد و گوێمان لە داواکاری ئەوان گرت و کارمان بۆ چارەسەرکردنی کرد، ئەوانەی شەوی ڕابردووش بێ مۆڵەت خۆپیشاندانیان کردبوو ئەوانە نەبوون کە ئێمە بەڵێنی چارەسەری کێشەکەمان پێدابوون، کەسانی دیکە بوون، ئێستاش لە ڕووداوەکە دەکۆڵینەوە، بۆیە ئێستا سەرجەم کێشەکان بەرەو چارەسەری دەچن."
بڵند ئیبراھیم




