٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە بۆ KDP باسی جموجۆڵه‌ تازه‌كانی داعش ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، مەترسییەکانی داعش جارێکی دیکە بۆ سەر عێراق زیادیان کردووە و بۆ چارەسەری ئەمەش پێویستە فیرقەیەکی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا دروست بێت و هەموو بۆشاییەکان پڕ بکرێنەوە، چونکە داعش سوود لە ھەموو دەرفەتەکان وەردەگرێت.

فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشووی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەم ماوەیە گۆڕانکاری لە ناوچەکە و دەوروبەر دروست بوو، لە کەرکووک و دیالە و مووسڵ جارێکی دیکە داعش دەستی بە جموجۆڵ کردووە و کەشێکی لەباریان بۆ دروست بووە بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی و دۆخەکەیان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا ئێستا ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق وەکو پێویست نییە، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکرێت، چونکە بینیمان درۆنیش لەو ناوچانە زۆر جار بەکار دێن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت.

ئێمینکی گوتیشی، باشترین چارەسەر ئەوەیە، ئەو بۆشاییەی له‌ نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە پڕ بکرێتەوە، ھەرچەندە دوو لیوای ھاوبەش دروست کراون بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، بەڵام لە کفری و کەلار تا رۆژئاوای دیجلە بەش ناکات و پێویستە فیرقەیەک دروست بکرێت ئەوکات دەتواندرێت باشتر کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەگەرنا مەترسیی داعش بەردەوام دەبێت وەکو ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی و خۆتەقاندنەوە، بۆیە مەترسیی داعش تا ئێستا ماوە و بەردەوامیشە و سوود لە ھەموو دەرفەتێکیش وەردەگرن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، بۆ سەر سنوورەکانی ھێزی پێشمەرگە مەترسی نییە و ھێزی پێشمەرگە سنوورەکانی خۆیان زۆر باش کۆنتڕۆڵ کردووە و داعش ناتوانێ زەفەریان پێ ببات و بەدواداچوونی باش ھەیە و ھەواڵگریی باشیان ھەیە، چونکە ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقە وای کردووە ھێزی پێشمەرگە ئەرکی خۆی باشتر جێبەجێ بکات، بۆیە عێراق دەتوانێ ھەماھەنگیی باشتر لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە.

سوپاسالاری پێشووی ھێزی پێشمەرگە دەشڵێت، گۆڕینی رژێمی سووریا، بووەتە ھۆی ئەوەی داعش ئەو دۆخە بقۆزنەوە و کاریگەریی زیاتر دروست بکەن و کردەی زیاتریش ئەنجام بدەن، چونکە جموجۆڵی داعش لە سووریا زیاترە و لەوێ زیاتر دەرفەتیان ھەیە و لەگەڵ عێراقیش ھاوسنوورن، ئەمە وای کردووە مەترسییان بۆ سەر عێراقیش زیاتر بێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار