پرسی كورد و مادەی حەفتی دەستووری بنەڕەتی توركیا
ئەسەر قاراقاش
لە بابەتەكانی رابردووم سەبارەت بە دەستووری بنەڕەتی نوێ توركیا ئاماژەم بەوە كردبوو كە دەبێت لە نێو دەستووری نوێدا هەر هەمووی مادەكانی ئەم دەستوورە سەبارەت بە ئابووری یا خۆ رۆحی ئەم مادانە بگۆڕدرێت و ئاماژەم بەوە كردبوو كە یەكێك لەو مادانە كە دەبێت بۆ زەمینە خۆش كردن بۆ چارەسەری پرسی كورد بگۆڕدرێت مادەی حەفتی دەستووری بنەڕەتی توركیایە.
ئەم مادەیە كە تۆزێك وەكو تەكنیك دیارە، ناوەرۆكەكەی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد خاوەن رۆلێكی یەكجار گەورەیە.
ناوەرۆكی مادەی حەفتی دەستووری بنەڕەتی توركیا دەڵێت: دەسەڵاتی یاسا دانان لە سەر ناوی گەلی تورك بە مەجلێسی گەلی گەورەی تورك دراوە و ئەم دەسەڵاتە ناگۆڕدرێت یا ناگوازرێتەوە.
وشەی میللەتی تورك كە لە ناوەرۆكی ئەم مادەیەدا زۆر بە ئاشكرایی باسی لێوە كراوە بۆ قۆناخی چارەسەری پرسی كورد خاڵێكی یەكجار گرنگە. بەدەپە و ئاكەپە لە نێو ئەو رەشنووسانەی كە بۆ دەستووری نوێ ئامادەیان كردووە هەریەك بە جۆرەیەك دەیانەوێ ئەم وشەیە بگۆڕن و لە جیاتیدا وشەیەكی دیكە دابنن بەڵام پارتە بەرهەڵەستكارەكان دژایەتی ئەم فورمولاسیونەی بەدەپە و ئاكەپە دەكەن.
خاڵێكی گرنگی ئەم مادەیە كە مرۆڤ دەتوانێت شرۆڤەی بكات ئەوەیە كە بە پێ مادەی ناوبراو تەنیا پارلەمانی توركیا دەتوانێت یاسا دەربخات، ئەمەیش بۆ قۆناخی چارەسەری پرسی كورد خاڵێكی زۆر گرنگە بەو ماناییە كە ئەگەر وشەی میللەتی تورك لەم مادەیەدا دەربخرێت و وشەیەكی گونجاوی دیكە تێیادا بەجێ بكرێت ئەو كاتە چارەسەر كردنی پرسی كوردیش بە پێ ئەم مادەیە ئاسان دەبێت.
لە بەردەوامی ئەم مادەیەدا دەڵێت: دەسەڵاتی یاسادانان بۆ هیچ كەس و لایەنێك نا گوازرێتەوە. بێگۆمان لە نێو سیستەمێكی دیموكراتیكدا ئەمە شتێكی ئاسایی و یاساییە بەڵام بارودۆخەكە بەوە جۆرە كە دەبینرێت وا نییە.
چوونكە هەر هەمان دەستوور لە مادەی 73 خۆیدا كە تایبەتە بە باجەكان دەڵێت: دانی باج پیوانێكی سەرەكەی ئەم دەستوورەیە.
مانای ئەم رستە ئەوەیە كە تا ئەو كاتە پارلەمانی توركیا رەزامەندی لە سەر نەبێت هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت داوای باج لە هاووڵاتییانی توركیا بكات. مادەیەكی بەمجۆرەیش لە نێو دەستووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەیە بەڵام زۆر جیاوازە لە مادەكەی نێو دەستووری توركیا. لە نێو دەستووری ئەمریكادا نووسراوە: تا نوێنەرایەتی نەبێت باجیش نییە.
لێرەدا بە پێ ئەو دوو مادەیە دەمەوێ بپرسم كە ئایا دەسەڵاتی نوێنەرایەتییەكی دیموكراتیك تەنیا لە دەستی پارلەمانی توركیادایە؟
ئایا ئەو مەجلێسە هەرێمییانە كە هەڵبژێردراون خاوەن دەسەڵاتی نوێنەرایەتی كردنن؟
ئایا ئاماژە كردن بە ئیستسنایەك لە مادەی حەفت سەبارەت بە یاسای باجەكان دەبێتە هۆكاری دابەش كردن و لاواز كردنی دەوڵەتی توركیا؟
ئایا رێك خستنی یاسای باجەكان لە لایەن مەجلێسە هەرێمییەكانەوە بە مانای رێكخستنی سیستەمێكی فیدراڵییە؟
چەندین پرسیاری دیكە هەیە لەم بارەیەوە كە پێویست ناكات بپرسیم. بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر دەمانەوێ لە توركیایەكی نوێ ببین خاوەن دەستوورێكی نوێ و سیستەمێكی دیموكراتیكی سەردەمییانە، پێویستە گۆڕانكاری جدی لە نێو دەستووری توركیادا بكرێت. بۆ نموونە من ئاماژەم تەنیا بە مادەی حەفت دا، مادەی حەفت ئەگەر بگۆڕدرێت یا نەگۆڕدرێت هەم بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد خاوەن رۆل و كاریگەرییەكی یەكجار زۆرە، بێجگە لە پرسی كوردیش بۆ چۆنیەتی نوێنەرایەتی كردن لە توركیا و سیستەمی نوێنەرایەتی لە توركیا خاوەن كاریگەرییە. بۆ نموونە مەجلێسە هەرێمییەكانی توركیا لە حاڵی حازردا بە هۆی مادەی حەفتەوە تا رادەیەكی بەرچاو بەبێ كاریگەر مانەتەوە، بەو ماناییە كە ئەم مەجلێسانە لە لایەن مادەی حەفتەوە رێگایان پێ نەدراوە كە لە بوارەكانی یاسادانان و كۆ كردنەوەی باجەكان و چەندین شتی دیكەدا چالاك بن، چوونكە مادەی ناوبراو ئەو دەسەڵاتەی تەنیا بە پارلەمان داوە. بێگومان لە سیستەمێكی دیموكراتیكی سەردەمییانەدا پارلەمان ناتوانێت نوێنەرایەتی هەر كەس بكات ئەگەر وابێت، ئەوا دەبێت مەجلێسە هەرێمییەكان هەڵبوەشێنینەوە.
سەرچاوە: ستار




