ماڵپەڕی KDP وادەی ئەنجامدانی کۆنفرانسی ھەرێمی کوردستان و فەلەستین دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی ئابووری و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەلەستین دەکرێت، کە ئامانج لێی راکێشانی وەبەرھێنەر و کۆمپانیا فەلەستینییەکانە بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، رێککەوتنمان لەگەڵ کۆنسووڵی فەلەسیتن کردووە لە مانگی نۆی ئەمساڵدا کۆنفرانسێکی ئابووری و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی فەلەستین ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری دەکرێت و داوەتنامەیەکی فەرمیش دەدرێتە حکوومەت و وەبەرھێنەری وڵاتی فەلەستین بێنە ھەرێمی کوردستان و دواتر کاری بازرگانی و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
د. محەمەد گوتیشی، دەمانەوێت پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەلەستین و سەرجەم وڵاتان زیاتر پێش بخەین و ھانیان بدەین کۆمپانیاکان و بازرگانانیان بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، کە ئەمە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێی کوردستانە ھەوڵ بدرێت زۆرترین وەبەرھێنەری بیانی بێن لەھەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاری و ھاوکاریی تەواویان دەکەین.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەشڵێت، لەبەر ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنانی فەلەستینی نییە، دەمانەوێت لە رێگەی ئەو کۆنفرانسەوە ھانیان بدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن و بێن ھەرێمی کوردستان بە چاوی خۆیان ببینن، کە کەشێکی زۆر لەباری ھەیە بۆ کاری وەبەرھێنان و ئێمەش ھەموو ھاوکارییەکیان دەکەین، ھەر بۆیە دەمانەوێت کاری ھاوبەش لەگەڵ فەلەستینییەکان بکەین و ھەر وڵاتێک وەبەرھێنانی لە ھەرێم نییە بێنین لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان و بازرگانی ئەنجام بدەن.
بڵند ئیبراھیم




