وەزیری تەندروستیی لە ڕێگەی KDPیەوە داوایەک لە ھاووڵاتیان دەکات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەر دەرمانێک بە شێوەی ئۆنلاین بفرۆشرێت قاچاغ و نایاساییە و پێویستە ھاووڵاتیان خۆیانی لێ بەدوور بگرن، چونکە ھەر دەرمانێک ستیکەر و مۆری حکوومەتی پێوە نەبێت، بە قاچاغ ھەژمار دەکرێت و ڕێکار بەرامبەر زۆرێک لەوانەی ئەو کارە دەکەن گیراوەتە بەر و دەستگیریش کراون، بۆیە گرنگە ھاووڵاتیان ئاگادار بن و خۆیان لەو جۆرە دەرمانانە بەدوور بگرن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "پێویستە ھاووڵاتیان پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە ئێمە دەریدەکەین و لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، ئەوانەی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە ڕێکلام بۆ ھەندێک جۆری دەرمانی قەڵەوی و لاوازی و سپیکردنەوەی پێست و سپیبوونی ددان و لابردنی موو دەکەن، ئەوانە بە ھیچ جۆرێک ڕێگەپێدراو نین و دەرمانی قاچاغن و زۆرێک لەوانە ڕێکاریان بەرامبەر گیراوەتە بەر و دراونەتە دادگا و دەستبەسەر کراون، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین لەو جۆرە دەرمانانە خۆیان بەدوور بگرن کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێن.
بەرزنجی گوتیشی، "سەرچاوەی ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن و ئەو جۆرە دەرمانانە دەفرۆشن، دیار نییە و تەنیا لە ڕێگەی ئۆنلاین و لە ڕێگەی تەلەفۆن و سۆشیال میدیا دەرمانەکان دەفرۆشن و بە تاکسی بۆ خەڵکی ڕەوانە دەکەن، بۆیە با ھاووڵاتیان ئاگادار بن ئەو دەرمانانە نەکڕن و پارەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن، چونکە ئەگەر ھەر کەسێک دەرمانێک بفرۆشێت و لە ڕێگەی کۆنترۆڵی جۆری بێت و مارکەکەی دیار بێت و پشکنینی بۆ کرابێت و کار بکات، بە ھیچ جۆرێک بە ئۆنلاین نافرۆشرێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیفرۆشن، بۆیە ھەر دەرمانێک ستیکەر و مۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی پێوە نەبێت، ئێمە بە دەرمانی قاچاغ و نایاسایی دەزانین و حیسابی دەکەین، بۆیە داواکارم ھاووڵاتیان لە کڕینی دەرمان بە ئۆنلاین خۆیان بەدوور بگرن.
بڵند ئیبراھیم




