٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەڵەبجە پڕۆژەكانی ئاوەدانی بەردەوامن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە "نۆ پڕۆژەی گرنگی ئاو و ئاوەڕۆ، ڕێگاسازی، قیڕ و شۆستە، دەستیان پێكردووە، شار بەرەو ئاوەدانكردنەوە هەنگاو دەنێت، ئەو پڕۆژانە سیمایی شاری هەڵەبجە دەگۆڕن." 

فەرحان عیزەت گوتەبێژی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە پارێزگای هەڵەبجە، نووسراوی ڕەزامەندی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و ڕێگاسازی، گەڕەكی شەهیدانی كیمیابارانمان بە بودجەی 14 ملیار دینار، لە وەزارەتی شارەوانی بۆ گەڕاوەتەوە". 

پەیوەست بە فراوانكردنی پڕۆژەكانی هەڵەبجە، فەرحان عیزەت دەڵێ "ئێستا 9 پڕۆژە بۆ گەڕەكەكانی شۆڕش، كانی قوڵكە، نزیك مزگەوتی ئیمامی عەلی، گەڕەكی فەرمانبەران، گەڕەكەكانی مۆردانە و سەرا لە جێبەجێکردن دان، لەگەڵ پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقیی بە بودجەی 3 ملیۆن دۆلار." 

"ئێستاش تەندەرین پۆ پڕۆژەیەكی سێ كیلۆمەتری ئاوەڕۆ لەناو پارێزگای هەڵەبجە كراوە، گەڕەكی شەهیدان بە بودجەی 5 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی ڕێگاسازی، قیڕ و شۆستەی بۆ ئەنجام دەدرێت، گەڕەكی ئەندازیاران بە بودجەی یەك ملیار و 700ملیۆن دینار ڕێگاسازی، قیڕ و شۆستەی بۆ جێبەجێ دەكرێت، لە شەقامی ماردین دەست بە كار کراوە و بودجەی 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، لە ڕۆژانی ئایندەش چەندین پڕۆژەی نوێ بۆ هەڵەبجە، بڕیاریان بۆ دەردەچێت، هەڵەبجە سیمایەكی جوانی دەبێت و كۆتایی بە قوڕی زستان و تەپوتۆزی هاوین دێت، لە هەڵەبجە قۆناخی ئاوەدانی دەستی پێكردووە." وتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە وایگوت.

لەپاش سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی لە شارەكە دەستپێكراوە، هەڵەبجەییەکان ناویان ناوە شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەی شار. 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار