وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: کەمترین ڕێژەی هاوردەمان پێویست ماوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ ئەمساڵ گەیشتووین بە بەرزترین ڕێژەی بەرهەمهێنانی بنەتۆو، کە بڕەکەی ١١ هەزار تۆنە.
ڕێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕی بەرهەمی بنەتۆو لە یەک دۆنم لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر لە تەرزێک بۆ تەرزێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بڕی بەرهەم بۆ یەک دۆنم ٧٥٠-١٠٠٠ کگم/ دۆنم ە. واتا بڕی بەرهەمی خۆمانە زۆر زیاترە لە بەرهەمی هاوردە، چونکە گەنمی بنەتۆوی هاوردە بە بارانی کەم بەرهەمی نابێت.
پەیوەست بە جۆری ئەو بنەتۆیانەی کە لە ناوخۆ هەن و جووتیاران بەکاری دەهێنن، گوتی، لە (هەولێر ٢،٤،٨،١٠،١٤ و کۆیە ٤،١٨ و بەکرەجۆ٢، سلێمانی ٢،٤، کەلار ١،٢، خانەقین، شێروانە) بەرهەم دێت، ئەوانەش جۆری زۆر باشن و جووتیاران و ئێمەش زۆر لێی ڕازین، چونکە کوالێتییان زۆر بەرزە، لە ڕووی بڕی بەرهەم و بەرگەی نەخۆشی و کەمئاوی بە باشی دەگرن، کە لە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی بنەتۆو لە جووتیاران گەیشت بە ٧ هەزار تۆن، بەڵام لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵ دوای ساڵ ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی بنەتۆی خۆماڵی بەرزتر دەبێتەوە، بۆ ئەمساڵ بڕی زیاتر لە (١١) هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەم پێیەش بێت کەمترین ڕێژەی هاوردەمان پێویست ماوە. هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠ تەرزی تۆمارکراوی هەیە بە خۆشحاڵییەوە زیاتر لە ٢٠ تەرزی لە کابینەی نۆیەم کار لەسەر دروستکردنیان کراوە و زۆر سەرکەوتووش بووین.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ڕژدە لەسەر بابەتی ئاسایشی خۆراک و بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، بۆیە کەرتی تایبەتی ڕاسپاردوە بە وەرگرتنی هەموو گەنمی بنەتۆوی ئەمساڵ، کە لە پارێزگای هەولێر بڕەکەی دەگات بە ٣ هەزار و پێنج سەد تۆن و لە پارێزگاکانی تریش بە بڕی جیاوازتر وەردەگیرێت، ئێستاش پڕۆسەی وەرگرتن بەردەوامە.
ڕێژین سدیق گوتیشی، سەرەتای پڕۆسەکە بە پشکنینی کێڵگەیی دەست پێدەکات لە مانگی ٣ تا مانگی ٦، ئەو خاوەن کێڵگانەی کە گەنمەکەیان شیاوە بۆ بنەتۆو و دووبارە چاندنەوە، دوو جۆر بڕوانامەیان پێدەدرێت، پاشان بە هەمان بڕوانامە گەنمەکەیان لە سایلۆ لێ وەردەگیرێت و ڕاستەوخۆ نموونەی گەنمەکە دەبرێت بۆ تاقیگە و شیکاری بۆ دەکرێت و جۆری گەنمەکە جیادەکرێتەوە و دواتر دەچێتە قۆناغی خاوێنکردنەوە، لە پاشان دەرمانی دژە نەخۆشی و قرتێنەرەکانی لێ دەدرێت، پاشان لە کیسی تایبەت بە خۆی دەکرێت کە زانیاری تەواوی لەسەرە و هەڵدەگیرێت، لە مانگی ١٠ ی هەموو ساڵێک دەست بە دابەشکردنی دەکرێت بەسەر جووتیاراندا، کە بڕی ٣٥ کگم گەنم بۆ یەک دۆنم زەوی دانراوە بۆ دووبارە چاندنەوە.
ڕێژین، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی دا، لە ڕوانگەی گرنگیدان بە بنەتۆوی خۆماڵی و پشتبەستن بە بەرهەمی بنەتۆوی ناوخۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ساڵانە وەک پاڵپشتی بۆ ئەم مەبەستە لە پڕۆژەی ٢٪ بنەتۆوی جووتیاران بە ڕێژەیەکی بەرچاو و پاڵپشتیی جووتیاران دەکات، بە جۆرێک لە کاتی دابەشکردنی بنەتۆو بە نرخی ٤٥٠ هەزار دینار بۆ یەک تۆن بنەتۆو لە پلەی باوەڕپێکراو و ٤٩٠ هەزار دینار بۆ پلەی تۆمارکراو بەسەر جووتیاران دابەشی دەکات و دوای پڕۆسەی پشکنینی کێڵگەیی لە لایەن لێژنەی تایبەت بۆ جووتیاری سوودمەند و پشکنینی تاقیگەیی هەمان بنەتۆو لە جووتیاران وەردەگیرێتەوە بە نرخی پاڵپشت ٨٨٥ هەزار دینار بۆ پلەی تۆمارکراو و ٨٦٠ هەزار دینار بۆ پلەی باوەڕپێکراو، ئەویش بە هەماهەنگی کەرتی تایبەت لە لایەن هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان، کە تیایدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی ٥٥٪ پڕۆسەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
دەشڵێ، هەر لەم ڕوانگەیەوە پێشبینی دەکەین تا دوو ساڵی تر پێوستیمان بە گەنمی بنەتۆوی هاوردە نامێنێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر باش دەتوانین پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەینەوە و پاشان هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراقی بکەین.
بۆتان بهرام خۆشناو




