هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پەیمانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر

ھەولێر-KDP.info- بە دروشمی بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر نەخۆشە، تاوانبار نییە، لە شاری هەولێر هەڵمەتی هۆشیاربوونەوە بەرامبەر مادەی هۆشبەر ڕاگەیەنرا.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پەیمانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر کە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی تیایدا ئەندامن.
دیندار زێباری گوتیشی، "جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان، هەنگاوی جیدی و فراوانی ناوە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تێدایە، ئێستا چوار هەزار و 500 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەستگیر کراون، تا ئێستا هەزار و 564 کەس لە بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە چاکسازییەکانن و سزا دراون، کە لەنێویاندا 900 بازرگان لە بەدیخانەکاندان و سزا دراون، بەڵام ئەوانە هەموویان خەڵکی کوردستان نین، بەڵکوو خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشی تێدایە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان دەشڵێ، "لەگەڵ ئەوەی ساڵی ڕابردوو لە سەنتەرەکانی چاکسازی 700 تووشبووی ماددەی هۆشبەر شیاندنەوەیان بۆ کراوە، هەر ساڵی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی سەنتەری چارەسەر و شیاندنەوەی تووشبووانی ماددەی هۆشبەری داناوە و دەست بە دروستکردنی کراوە.




