سەنتەری بەدواداچوونی کاروباری فەیلی تەواو بووە و تەنیا ماوە بە فەرمیی بکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کاروباری فەیلی لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بە فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، سەنتەری بەدواداچوونی کاروباری کوردانی فەیلی لە ھەولێر تەواو بووە، تەنیا ماوە لە مەڕاسیمێکدا بە فەرمیی بکرێتەوە، هاوکات ئەو سەنتەرە سەر بە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتە و دەبێتە پردێک لە نێوان ھاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
عەلی فەیلی، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری فەیلی لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، سەنتەرێکی تایبەت بە کاروباری فەیلی دادەمەزرێت، ماوەیەک بوو پێویست بوو دابمەزرێت، ھەندێک دواکەوت چونکە ویستمان بە کۆنفرانس دەستەکە ھەڵبژێرین، بەڵام بەھۆی ئەوەی کوردانی فەیلی لە ھەرێم و عێراق و دەرەوەش ھەن، نەمانتوانی ئەو کارە بکەین، ئیدی بە ڕێککەوتن دەستەکە ھەڵبژێردرا، ئێستا سەرۆک و جێگر و دەستە ھەڵبژێردراون، ماوەیەک بوو بارەگای نووسینگە نۆژەن دەکرایەوە، ئەویش تەواو بووە، ئێستا کار دەکەن بۆ ئەوەی باشتر شارەزای کاری خۆیان بن، تەنیا ماوە سەنتەرەکە بە فەرمیی بکرێتەوە.
بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی گوتیشی، "ئەو سەنتەرە بەدواداچوون بۆ سەرجەم کێشە و داواکاری کوردانی فەیلی دەکات و دەبێتە دەزگایەکی فەرمیی سەر بە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر کێشە و داواکارییەک لەلایەن کوردانی فەیلی ھەبێت لەو ڕێگەیەوە کاری بۆ دەکرێت، بڕیارە دوای ئەو ھەنگاوە لقی دەزگاکە لە بەغدا، دەرەوە، کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەش بکرێتەوە و فراوان بکرێت، بۆ ئەوەی بەجدی کار لەسەر کێشەکانی کوردانی فەیلی بکات.
فەیلی باس لەوەش دەکات، "ئەو دەزگایە دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان ھاووڵاتی و حکوومەتی ھەرێم و بەغداش، چونکە ژمارەیەکی زۆر فەیلی بێ سەروشوێنن و بێ ناسنامەن و ژمارەیشیان چەندە، ئەوانە ھەمووی کاری لەسەر دەکرێت، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئاماری کوردانی فەیلی لە عێراق تەخمینییە کە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسە، کار دەکرێت بۆ ئەوەی ئامارێکی فەرمیی ھەبێت، بەدواداچوونیش بۆ سەرجەم کێشەکانیان دەکرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




