سەرۆکی دەستە له ڕێگهی KDPیهوه باسی ڕۆڵی وەبەرھێنان و بازرگانانی بەریتانیا له ههرێم دهكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، وڵاتی بەریتانیا لەڕووی وەبەرھێنانهوه گرینگی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات و بڕیارە لە ئەمساڵدا لەسەر داواکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنفرانسێک لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، کە ئێستا وەبەرھێنانێکی باش لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئامانجیشمانە وەبەرھێنان و بازرگانی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، پهیوهست به گرینگی دانی بەریتانیا لەڕووی وەبەرھێنان و بازرگانییهوه له ھەرێمی کوردستان، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەریتانیا لەڕووی وەبەرھێنانهوه گرینگی زۆری بە ھەرێمی کوردستان داوە و کۆمپانیا بەریتانیەکان و ئەنجوومەنی کاری بەریتانیا - عێراقی و کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن تا کۆمپانیاکانی بەریتانیا بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و وەبەرھێنەری بەریتانیامان ھەیە لەگەڵ وەبەرھێنەری ناوخۆی ھەرێم کار دەکەن و زانکۆی بەریتانیشمان لە ھەرێم ھەیە لە ھەولێر و چەندین براندنی خوێندنی بەریتانیمان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی، "ئەنجوومەنی کاری بەریتانی - عێراق، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارە و ساڵانە چەندین کۆنفراس لە عێراق ئەنجامدەدەن و کۆنفرانسی داھاتوو لە بەسرا دەبێت و بۆ زستان لە ھەرێمی کوردستان دەبێت، کە پێشتر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای کردبوو کۆنفرانسێک لە ھەرێمی کوردستان بێت، ئەمەش گرینگی خۆی ھەیە وەبەرھێنەری بەریتانیا و کاربەدەستی بەریتانیا و خەڵکی ئەوان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداردەبن، ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی بەریتانیا و بازرگانانی ئەو وڵاتە بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
بڵند ئیبراھیم




