سبەی دواین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان

بەغدا_KDP.info_ قسەکەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی کۆمیسارەکان کۆبوونەتەوە و تێیدا بڕیارە سبەی دواین وادە بێت بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ پەرلەمانی عێراق لەلایەن لیست و ھاوپەیمانەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
جومانە غەلای، قسەکەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی کۆمیسارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەتەوە و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان لەلایەن لیست و ھاوپەیمانەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە. بە کۆی دەنگ بڕیارەکە درێژ ناکرێتەوە.
قسەکەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەروەھا گوتی، سبەی ٢٦/٦/٢٠٢٥ دواین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان و بە ھیچ شێوەیەک وادەکە درێژ ناکرێتەوە. بۆیە پێویستە تا سبەی ئەوانەی لیستی ناوەکانیان پێشکەش نەکردووە لیستەکانیان پێشکەش بکەن، چونکە ماوەکە کۆتایی پێدێت. بۆیە سبەی سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی پشووە، کۆمیسیۆن کاردەکات و لیستی ناوی کاندیدان وەردەگرێت تا کۆتایی ڕۆژ.
ھەروەھا گوتی، ھۆکاری درێژنەکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمیسیۆن خشتەیەکی بۆ کارکردن بۆ ھەڵبژاردنەکان داناوە و بەپێی خشتەی کارکردن ناتوانن وادەکە درێژ بکەنەوە، کە بڕیارە ئەمساڵ ١١/١١ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بڵند ئیبراھیم




