ھەرێمی کوردستان لە ماددە تیشکاوەرەکان و تیشکی ئەتۆمی خاڵییە

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو کاری باشی کردووە بۆ ڕێگرتن لە کاریگەری ماددە تیشکاوەرەکان و تیشکدانەوەی ئەتۆمی، سەنتەری خۆپاراستن لە تیشک لە وەزارەتی ژینگەی عێڕاق بە ھاوکاری لەگەڵ بەشی تیشک لە فەرمانگەی تەکنیکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ساڵانێکە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختیی لە پێنج فەرمانگەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کارا کردووە."
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، یەکەم وەزیری ژینگەی عێراق و سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ھەرێمی کوردستان پارێزراوە لە ماددە تیشکاوەرەکان و تیشکدانەوەی ئەتۆمی، ماددە تیشکاوەرەکان لە خاکدا بە شێوەی سروشتی ھەن، وەک یۆرانیوم و ڕادیۆم و ئەوانی دیکە، بەڵام لە ئەنجامی بەکارھێنانی ئەم ماددانە لە زۆر دروستکراو و لە دامەزراوەی سەربازیی و مەدەنیدا، لە خراپ بەکارھێنانی ئەم ماددانە و خراپ ھەڵگرتن و لە لاوازیی چاودێریکردنیاندا زۆر کارەساتی مرۆیی گەورە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کەوتوونەتەوە، تەنەت لەبواری بەکارھێنانی وزەی ئەتۆمیی بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانەی وەک بەرھەمھێنانی کارەباش لە حاڵەتی تەقینەوە یان ھەرەسھێناندا، مرۆڤایەتی تووشی کارەساتی ژینگەیی گەورە دەکات."
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی "ڕووداوەکانی تیشکدانەوەی ئەتۆمیی نموونەی عێراق کە لەساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو بڕێکی بەرچاوی لەو ماددانە لە ھەندێک دامەزراوەی تایبەتدا بەکارهێنا، دواتر لە ئەنجامی بۆردومانکردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە لە ساڵی (١٩٨١) وێران کرا. یان نموونەی تەقینەوەکەی وێستگەی چێرنۆبڵ لە ئۆکرانیای یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی ١٩٨٦ی زاینیی، ھەروەھا نموونەی وێستگە ئەتۆمییەکەی (فۆکۆشیما) کە ڕووبەڕووی بوومەلەرزە و سۆنامی بووەوە لە (١١)ی ئاداری (٢٠١١)دا، بڕێکی زۆری ماددەکانی وەک (سیزیۆم) و (سترۆنتیۆم) و (تریتیۆم)ی خستە نێو زەریای ھێمنەوە کە کۆمپانیای کارەبای تۆکیۆ (تیپکۆ) خەمڵاندی بە (٣٠٠) تۆن ئاوی پیسبوو بەو ماددانەی ڕژانە نێو زەریاوە لە ھەر رۆژێکدا."
لەبارەی زیانەکان دەڵێت "ماددە تیشکاوەرەکان مەترسیی گەورەیان لەسەر پیسبوونی ژینگە و زیانگەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ بۆ ماوەی زۆر درێژخایەن هەیە، چونکە ئەم ماددانە لەدوای ماوەیەکی زۆر درێژ کاریگەریی توخمە تیشکاوەرەکانیان لەکار دەکەوێت کە بە نیوەی تەمەن دەناسرێت، جاری واش ھەیە سەدان ساڵ دەخایەنێت. ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە، ئەو ماددانە ڕۆڵێکی زۆریان ھەبوو لە زیادکردنی جۆرەکانی نەخۆشیی درێژخایەن، بۆیە زۆر گرنگە بازرگانیکردن قەدەغە بەو ئاسن و خوردە ئاسنانەش قەدەغە بکرێت کە لە پاشماوەی تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان دەمێننەوە، کە بەو چەکانەی یۆرانیۆمی خامۆشکراوی تێدا بەکارھاتووە بۆردوومان کراون، چونکە ئەمەش ھۆکارێکە بۆ زۆر نەخۆشیی ترسناک لە ئەنجامی کاریگەریی ئەو ماددە تیشکاوەرە تەمەن درێژانەی بەسەر ئەو پاشماوە سەربازییانەوەن."
سەبارەت بەوەی چی کراوە لە ھەرێمی کوردستان بۆ خۆپارێزیی لە ماددە تیشکاوەرەکان و تیشکدانەوەی ئەتۆمی، سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی "کاری زۆر گرنگ، دەرچواندنی ڕێنمایی ماددە تیشکاوەرەکان ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠٢٢) بوو، لە زۆر ڕووەوە ڕێگەکانی مامەڵەکردن، بەکارھێنان، ھاوردەکردن و چۆنییەتی خۆپارێزیی تێدا ڕوونکراوەتەوە و لە چوارچێوەی تۆڕی ھاوکاری ھەرێمیی تایبەت بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت. سەنتەری خۆپاراستن لە تیشک لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە ھاوکاری لەگەڵ بەشی تیشک لە فەرمانگەی تەکنیکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ساڵانێکە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی لە پێنج فەرمانگەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کارا کردووە و پەیوەستیشی کردووە بە سیستمێکی فراوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ چاودێریکردنی ماددە تیشکاوەرەکان، ڕۆژانەش داتا و خوێندنەوەکانی سیستمەکە لەگەڵ عێراق و خاڵە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بەشداریی پێدەکەن، بەم پێیەش پێشتر و ئێستاش، سوپاس بۆ خوا ھەرێمی کوردستان خاڵییە لە ماددە تیشکاوەرەکان و تیشکدانەوەی ئەتۆمی."
بڵند ئیبراھیم




