کەمێکی دیکە سەرۆکی حکوومەت کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە کەمێکی دیکە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق بە گشتیی و ناوچەکە بکات.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دەستی پێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕگە تاوتوێ دەکرێن:
بڕگەی یەکەم:
بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران كە بۆ ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێكی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و دواهەوڵەكانی چارەسەری ئەم بابەتە، تاوتوێ دەكرێت.
بڕگەی دووەم:
ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەكرێت.




