ئومێد خۆشناو بۆ KDP: خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی ئەو گەڕەكانە دەکەین

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەولەویەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکە ھەژار نشینەکان دراوە و خزمەتگوزاری زیاتریشیان پێشکەش دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە کابینە نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە پارێزگای ھەولێر گرینگی زۆر بەو گەڕەکانەی ھەژار نیشین دراوە، کەوا کەمتر خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە، بۆ ئەم مەبەستەش لە پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر لەو گەرەکانە درێغی ناکەین.
خۆشناو زیاتر گوتی، "گەڕەکە ھەژار نشینەکان پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاترە و ئێمەش بەبێ جیاوازی خزمەت بە ھەموویان دەگەێنین، لە میانی کارکردنی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەولەویەت بەو گەڕەکە ھەژار نشینانە دراوە و لەو پڕۆسەیەش بەردەوام دەبین و پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر ئەنجام دەدەین.
پارێزگاری ھەولێر تیشكی خستە سەر ئەو پڕۆژانەی لەو گەڕەكانە پێشكەش دەكرێن و گوتی، "ئەو پڕۆژانەی لەو گەڕەکانە ئەنجامدەدرێن قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی ڕێگە ناوخۆیەکان و ڕێگەی گشتی و ئاو و ئاوەڕۆ و دروستکردنی پارک و باخچە و ئەو پڕۆژانەی گرینگ و پێویستن بۆ ئەو شوێنانە، بۆیە ئێستا ئەو گەڕەکانە بەھۆی ئەنجامدانی ئەو ھەموو پڕۆژانە تارادەیەکی باش خزمەتگوزاریان پێشکەش کراوە و پلانیش ھەیە خزمەتگوزاری بگاتە ھەموو گەڕەکەکان.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی پارێزگاری ھەولێر گوتی، "بەکردار ئەوەمان کردووە کە ئەولەویەت لە پێشکەشکردنی پڕۆژە بۆ گەڕەکە ھەژار نیشنەکان بێت و دوێنێش بەردی بناغەی ڕێگەیەکی دووساید بە ھەموو خزمەتگوزاریەکانەوە لە گەڕەکی ھەولێر نوێ، سێبەردان دانرا، بەگشتی ئەوەی لە توانا دابێت ئەنجامیدەدەین، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە ھەموو خەڵکی ھەولێری خۆشەویست بگەینین.
بڵند ئیبراھیم




