٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ تەواو دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

 ئاکرێ -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ گوتی "دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی دارایی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێی چارەسەر كرد، بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داھاتوو بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان و سەنتەری قەزا، ناحیەی بجیل و نزیکەی ٢٠ گوند سوودی لێ وەربگرن." 

ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاو لە زێی گەورە بۆ ئاکرێ دێت، ئێستا کاری تێدا دەکرێت و بە ڕێژەی ٦٥%ی تەواوبووە، ئێستا کار لە دانانی بۆڕی سەرەکی و کاری میکانیک و شوێنی سەرەکی پڕۆژەکە دەکرێت، پێشتر کێشەی داراییمان ھەبوو، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی بۆ چارەسەر کردووین، بۆیە ئێستا بەردەوام و بە گەرمی کاری تێدا دەکرێت."

 
ئەندازیار زرار ئەحمەد گوتیشی "پلان بەجۆرێک دانراوە لە ماوەی ١٤ مانگ پڕۆژەکە تەواو بکرێت و لەسەرەتای ساڵی داھاتوو و زووتر لە وادی خۆی پڕۆژە بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان ئەگەر ھیچ گرفتێکمان نێتە پێش، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە قەزای ئاکرێ، ناحیەی بجیل و نزیکەی ٢٠ گوند بۆ ئاوی خواردنەوە سوودمەند دەبن، دواتر ھەردوو ناحیەی گردەسێن و دینارتە دەمینێن، ئەو توانایەی بۆ ئاکرێ، بجیل و گوندەکانی بەکار دێت بۆ ئەو دوو ناحیەیەش دەچێت، کێشەی ئاوی خواردنەوەی ئەوانیش چارەسەر دەبێت." 
دەشڵێت "بودجەی پڕۆژەکە ١٠٩ملیار دینارە، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە، چیتر پشت بە ئاوی ژێر زەوی نابەستین، چونکە ئێستا لە ئاکرێ ٢٦٨ بیری ئاومان بۆ خواردنەوە هەیە، بەو پڕۆژەیە ١٠٨ بیر  پێویستمان پێیان نامێنێت، بەبەردەوامیش کار دەکەین بۆ ئەوەی بەپێی پلانی دانراو کاری پڕۆژەکە تەواوبێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی قەزای ئاکرێ و دەوروبەری." 
 
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار