وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: گەیشتوینەتە قۆناغی خۆبژێوی

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ١٠٠٪ پێداویستی ناوخۆی لە گۆشتی سپی پڕکردۆتەوە، دەشڵێ، ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغی خۆبژێوی.
ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە هەرێمی کوردستان١٩٦٠کێڵگەی پەلەوەری مریشکی گۆشتی سپیمان هەیە کە بەرهەمی ساڵانەیان ٢٧٠ هەزار تۆن گۆشت دەبێت، هەروەها لە سنووری پارێزگای هەولێر ٤٥٦ کێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتدار هەن کە پێکدێن لە ٦٨٩ هۆڵی بەخێوکردن کە توانای وەرگرتنی نزیکەی ٩ ملیۆن جوجەڵەیان هەیە، هاوكات چەند پڕۆژەیەکی بێ مۆڵەت هەن کاردەکرێت بۆ ئەوەی بە پێی مەرج و ڕێنماییەکان بە یاسایی ڕێکیان بخەین.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی گوتیشی، "لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ١٠٠٪ پێداویستی ناوخۆی لە گۆشتی سپی پڕکردۆتەوە، بەواتایەکی تر ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغی خۆبژێوی و گۆشتی سپیش هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەین و پێداویستی ئەوانیشمان بە ڕێژەیەکی بەرچاو پڕکردۆتەوە، بەڵام حکوومەتی عیراق ئەم بابەتەی بە سیاسی کردووە و زۆربەی کات ڕێگرە لە هەناردەکردنی و کێشە و گرفت بۆ خاوەن کێڵگەکان دروست دەبێت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە بازاڕی گونجاوتر بدۆزێتەوە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە ئایندەدا گۆشتی سپی هەناردەی دەرەوەی عیراق بکرێت، وەکو بەرهەمی ناوخۆیی (ئارد، ساوار، ئالیکی ماسی و پەلەوەر و ئاژەڵی) کە ڕۆژانە هەناردەی دەرەوە دەکرێن.

پەیوەست بە هاوردەکردنی گۆشتی سپی بەستوو، ڕێباز ئیسماعیل گوتی، "هاوردەکردنی گۆشتی سپی بەستوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاتر ساغبێتەوە، بە ڕێژەی ٣٠٪، باجی خستۆتە سەر بەرهەمی هاوردە، ئەم بڕیارەش سوودی زۆری بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان هەبووە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێ، " بە پێی ستانداردی جیهانی پێداویستی هەر تاکێک (٢٤ کغم)ە لە ساڵێکدا، بۆیە بە گشتی پێویستمان بە ١٤٧ هەزار تۆن لە گۆشتی سپی هەیە بۆ پێداویستی ناوخۆ.
ڕێباز ئیسماعیل لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتیشی، "بۆ پرۆژەی سامانی ئاژەڵی ڕێنمایی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠٢١ مان هەیە بە پێی ئەو ڕێنماییە ڕەزامەندی چوارلایەنی پەیوەندیدار وەردەگیرێت (ژینگە، ڕێگەوبان، شارەوانی، سامانە سرووشتیەکان) ئێمە لای خۆمان بە کاتێکی کەم مامەڵەیان بۆ تەواو دەکەین و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین لە درووست کردنی پرۆژەی کێڵگەی پەلەوەری هەندێک پڕۆژەی ستراتیژی هەن کە مەوادی جۆراو جۆری پێویستە ئەگەر لە هەرێم نەبێت لە دەرەوە بێت لە کاتی هێنانیان لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکرێت.
بۆتان خۆشناو




