٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری بۆ KDP: دوو کۆمپانیا ڕاسپێردراون گەنمی جووتیارانی هه‌رێم وەربگرن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ده‌ڵێ،  بەغدا بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەیەکی کەمی گەنمی جووتیاران وەردەگرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەو گەنمەی زیاد دەبێت ڕێژەکەی ھەر چەند بێت ھەمووی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، په‌یوه‌ست به‌ بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وه‌رگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێم، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دواو گوتی، "ساڵانە حکوومەتی عێراق ڕێژەیەکی کەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی گرینگی دانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ زۆر زیادی کردووە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵدەدات بۆ ئەوەی بەرھەمی گەنمی جووتیاران ساخبێتەوە، بۆ ئەمساڵیش بڕیاری داوە ھەرچی گەنمی جووتیاران ھەیە ئه‌وه‌ی بەغدا وەریناگرێ لە ڕێگەی ھەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو بەنرخێکی گونجاو وەریبگرێت، بەڵام گەنمی باش وەردەگرن ئەوەی بتواندرێت سوودی لێ وەربگیرێ.

دکتۆر محەمەد گوتیشی، "وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئەو دوو کۆمپانیایە بەپێی ھەندێک مەرج و ڕێنمایی دەبێت، بۆ ئەوەی گەنمێکی باش و بەکەڵک وەربگیرێت ئەوەش لەسەر داوای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ساڵی ڕابردووش لە جووتیاران وەرگیرا و بەردەوامیش دەبێت، چونکە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی جووتیارانی خۆمان، ھەر بۆیە ئەو دوو کۆمپانیایە ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی گەنم وەربگرن، لەبەر ئەوە ڕێژەی گەنمەکە ھەر چەند زۆر بێت تەنیا بەپێی ئەو  مەرجانە بێت دانراوە لە جووتیارا وەریدەگرن.

هاوكات بەغدا بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ تەنیا ٤٠٠ ھەزار تەن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە بەرھەمی ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە و لە ئێستادا جووتیاران خەریکی ڕادەستکردنی ئەو ڕێژەی گەنمه‌ن بۆ سایلۆکان، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ئەو گەنمەی زیاد ده‌بێت ھەمووی لە جووتیاران وەردەگرێت.

 

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار