بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان باسی ئێستای داهاتی ئاو لە بەنداوهكه بۆ KDP دهكات

دووكان-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان دهڵێ، ئەمساڵ كەمترین داهاتی ئاومان هەبووە، بەپێ ڕێژەی باران و ڕژانی ئاو بۆ دەریاچەكە لە سەرچاوەكانی ئاو دهشڵێ، لە ئێستادا، تەنیا 23% داهاتی ئاو لە بەنداوەكەدا هەیە، بۆ ئهو ڕێژهیهش پلانمان داناوە هەرچۆنێك بێت دەبێت ئیدارەی چەند مانگی داهاتووی پێبدەین.
كۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان، پهیوهست به كەمی داهاتی ئاوی ئهمساڵ له بەنداوی دووكان، تایبهت به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لە وەرزی باران لە دووكان نزیكەی 229 ملیم مەتر باران باری كه ئەمەش زۆر كەم بوو و 30% تێكڕای ساڵانە بوو، كە ساڵانە نزیك بە 600 ملیم باران دەباری، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئاستی داهاتی ئاومان كەمبێت".
كۆچەر جەمال دەشڵێ، "له دەریاچە و بەنداوی دووكان لە ئێستادا، تەنیا 23% داهاتی ئاو لە بەنداوەكەدا هەیە، بۆ ئهو ڕێژهیهش پلانمان داناوە هەرچۆنێك بێت دەبێت ئیدارەی چەند مانگی داهاتووی پێبدەین تاكو دەگەینە وەرزی دابارینی باران".
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان گوتیشی، "لە ئێستادا بەردانەوەی ئاومان زۆر كەم كردووەتەوە، ئەوەندە بەردەدەینەوە بۆ پێداویستی مرۆی و ژینگەییەكان، ئەویش بۆ ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵی و هتد، به پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو كه زیاتر ئاومان بەردەدایەوە".
بەڕێوەبەری بەنداوهكه زیاتر گوتی، "بەنداوەكە توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەترسێجا گلدانەوەی ئاوی هەیە، بەڵام ساڵانە لە نێوان دوو ملیار و نیو بۆ پێنچ ملیار داهاتی ئاوی دەبێت، بەڵام ئەمساڵ كەمترین داهاتی ئاومان هەبووە، بەپێ ڕێژەی باران و ڕژانی ئاو بۆ دەریاچەكە لە سەرچاوەكانی ئاو".
سەرباری كهم بارانی ئهمساڵ لە كوردستان و ناوچەكە بەگشتی، ئاسایشی ئاو بە ڕێژەیەكی باش پارێزراوە، ئەوەش بە هۆی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كه چهند ساڵێكه دهستی به درووست كردنی پۆنت و بهندواو لە سەرتا سەری ههرێمی كوردستان كردووه و ئەوەش بۆته هۆی گلدانەوەی ئاو لە وەرزی دابارین و زستان بۆ ئاودێری و كشتوكاڵ و باخداری و ئاژەڵداری و زۆر بواری تریش.
عەزیز ڕەسووڵ




