٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەرێمی کوردستان ٤٢٩ پڕۆژەی ماسی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان، ٢٠ی ئەم مانگە ڕاوە ماسی دەست پێدەکاتەوە. ئێستا ٤٢٩ پڕۆژەی ماسیمان ھەیە، بەگشتی بەرهەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە ١٣ھەزار تەن."

بێستوون حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە ھەرێمی کوردستان ٤٢٩ پڕۆژەمان ھەیە، بەرھەمیان ٤ھەزار و ٧٠٠ تەنە، پڕۆژەی بچووک و خۆبژێوشیمان ھەنە، ئەوانیش زۆرن و بێ مۆڵەتن، کار دەکەین بەیاسایی ڕێکیان بخەین، بەگشتی بەرھەم دەگاتە ١٣ھەزار تەن ماسی و ٦٥%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، ئەوەی دیکەش لەڕێگەی بازرگانییەوە لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ بۆمان دێت، ئێمەش ھاوکاریمان کردوون و ئاسانکاریمان بۆ کردوون، تەنیا لە مانگی ھەشت تا کۆتایی ساڵ باجمان خستۆتە سەر ماسی، بۆ ئەوەی بەرھەمی خۆمان ساخبێتەوە، ماسی بەستوومان نییە و لە وڵاتان بۆمان دێت."
بێستوون حوسێن گوتیشی "سەبارەت بە پێداویستی ھەر تاکێک، بەپێی ستانداردی جیھانی ھەر تاکێک (١٦.٥ کغم)ە لە ھەر ساڵێک، بۆیە بەگشتی پێویستمان بە ٨٠ ھەزار تەنە بۆ پێداویستی ناوخۆ کە ھەموو جۆرە ماسییەکان و زۆرینەی لەناوخۆ پڕدەکرێتەوە، بەشێکی بۆ پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نزیک ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت ئەگەرنا بۆ ناوخۆی ھەرێم بەکار دێت.
بۆ پڕۆژەی سامانی ماسیش ڕێنمایی ژمارە نۆی ساڵی ٢٠٢١ مان هەیە، بەپێی ئەو ڕێنماییە ڕەزامەندی سێ لایەنی پەیوەندیدار وەردەگیرێت، (ژینگە، شارەوانی و سامانی ماسی)، ئێمە لای خۆمان بە دوو ڕۆژ مامەڵەیان بۆ تەواو دەکەین، ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین لە دروستکردنی پڕۆژە، ھەندێک پڕۆژەی ستراتیژی ھەن ھەندێک مەوادی دەوێت ئەگەر لە ھەرێم نەبێت لە دەرەوە بێت، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکرێت، لە کاتی پێگەییشتنی ماسی ناوخۆ هاوردەکردن قەدەغەدەکرێت."
دەشڵێت "لە هەولێر پڕۆژەیەکی پەنجەماسیمان ھەیە، ساڵانە ٥٠٠ بۆ٨٠٠ھەزار پەنجەماسی، بەپێی پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو دەخرێنە ناو بەنداوەکان."
گوتیشی "٢٠ی ئەم مانگە قەدەغەکردنی ڕاوی ماسی ھەڵدەگیرێت، بەپێی ڕێنماییەکان، نابێت بە تەقەمەنی و کارەبا و ژەھر و تۆڕی کون بچووک ڕاو بکرێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی پەنجەماسی."

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار