دووكانەكانی بازاڕى قەیسەرى ڕادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.6.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندى هەولێر و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و عەقید ناڵى نەوزاد، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى هەولێر، سەردانى بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد، کە بە گوژمەى نزیکەى (7 ملیار دینار) لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، ڕووكاری ناوەوەى بازاڕەکە و كۆڵانە سەرەكی و كۆڵانە لاوەكییەكانى بەشێوە و بە شێوازێکى ئەندازەیی و بەپێی ستانداردی پاراستنی شوێنە كولتوورییەکان نۆژەنکراوەتەوە و کارەکانى نۆژەنکردنەوەکەى بە کۆتاهاتووە و ئەمڕۆش دوکانەکان ڕادەستى خاوەنەکانیان کرا و بازاڕەکە بەڕووى هاوڵاتییانى هەولێرى پایتەخت کرایەوە.
پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى بازاڕەکە و دیدار و گفتوگۆى لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە، پیرۆزبایی لە خاوەن دوکان و کاسبکاران کرد بە بۆنەى ڕادەستکردنەوەى دوکانەکانیان و گەڕانەوەیان بۆ سەر کاروکاسابەتى خۆیان، پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، دەست خۆشى لە تیمى ئەندازەى پارێزگا و سەرۆکایەتى شارەوانى و سەرجەم لایەنەکان و سەرپەرشتیاران و بەڵێندەرانى پڕۆژەکە کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکان بە رێک و پێکى و لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا.
ڕاشیگەیاند: "لە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی ڕابردوو لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، کە زیاتر لە 249 دوکان تێیدا سووتان و زەرمەندبوون، ئێستا کارەکانى نۆژەنکردنەوەی بازاڕەكە کۆتایی هاتووە و دوکانەکانیش ئەمڕۆ ڕادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە و هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتییشی بۆ دابین کراوە،".
پارێزگارى هەولێر هەروەها بەناوى پارێزگا و دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە و هاوشاریانى هەولێرى پایتەخت سوپاسى ڕێزدار مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد کە هەر ڕۆژێک دوای کارەساتى سووتانى قەیسەرى، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى جەنابیان بە گوژمەی نزیکەى (7 ملیار دینار) دەست بە نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە کرا، جگە لە چەند بریارێکى دیکە لە پێناو ئاسانکارى بۆ کاسبکاران بە لێخۆشبوونی کرێی ساڵێک و هەروەها لێخۆشبوونیان لە پارەی تابلۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، و لێخوشبوون لە سەدا 50ـی باجى ساڵى 2023 و لە سەدا 100ـی ساڵى 2024 و بڕیارى لێخۆشبوونیان بۆماوەى ساڵیک لە پارەى ئاو، کارەبا، تابلۆ و خاشاک، ئەوە جگە لە دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەسەر زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە کە لە نێوان (2 تاکو 20 ملیۆن دینار) بوو بۆ هەر یەکێکیان.
ڕاشیگەیاند: " گوژمەی پڕۆژەکە پێشتر (5 ملیار و 300 ملیۆن دینار) بوو، بەڵام زیادی کرد بۆ نزیکەی( 7 ملیار دینار )، بەهۆی زیادکردنی دانانی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بۆ تەواوی بازاڕەکە و دروستکردنی نهۆمی دووەم بۆ بەشی قەیسەری کۆن، بەهۆی ئەو نۆژەکردنەوەیەش بازاڕەکە چەند جوان بووە، ئێستا چۆتە قۆناغێکى دیکە و زۆر جوانتر و ڕێکتر بووە".
جێگەى بەبیرهێنانەوەیە، دواى ئەوەى لە شەوی 2024.5.5، بەدەستى ڕەش و ناحەزانى ئاوەدانى و ئارامى هەولێرى پایتەخت، بۆ شێواندنى ئابوورى و بازاڕى شارى ههولێر ئاگرێکی گەورەیان لە بازاڕی قەیسەری بەردا، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڕیارى هاوکاریکردن و یارمەتیدانى دواکاندارانى بازاڕەکە درا، وێڕاى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بە گۆژمەى نزیکەى ( 7 ملیار دینار ) لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، لە 2024.9.8، دەست بە دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرا بەسەر زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، ئەوە جگە لە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك، هەروەها بەخشینیان لە باجی 2023 بە رێژەی 50% و لە باجی 2024 یش بە رێژەی 100% و لێخۆشبوونى یەک ساڵ لە کرێى ساڵانەى ئەو دۆکاندارانەى کە کرێچى حکوومەتن.




