٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ ھێڵی سێیەمی ئاوی دوکان-سلێمانی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم دەڵێت، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی ھێڵی سێیەمی ئاوی دوکان - سلێمانی و دەشڵێ، پڕۆژەکە کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکات.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی ھێڵی سێیەمی ئاوی دوکان - سلێمانی نیشان داوە و بوودجەی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە تەرخان کردووە، کە ٢٩٣ ملیۆن دۆلارە، لە ئێستادا لە قۆناغی تەندرە و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم دەشڵێت، پڕۆژەی ھێڵی سێیەمی ئاوی دوکان - سلێمانی، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نەھێشتنی کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد ڕوونیکردەوە، ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی و پلاندانانیشمان وەرگرتووە و پێشبینی دەکەین لە کۆتایی ئەمساڵدا دەست بە کارەکانی بکرێت، چونکە دیزاینی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەنیا ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی ماوە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکەدا دەست بە کار بکرێت.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار