وەزیری سامانە سرووشتییەکان: حکوومەتی عێراق ئاستەنگی دروست کردووە

ههولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی هەنگاریا و کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر کۆبووەوە، گفتوگۆیان لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا و تەنانەت بڕیاری دادگاکانی عێراق، ئاستەنگی لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە دوو دیداری جیا لەگەڵ هەر یەک لە ئاتیلا تۆس، کونسوڵی گشتیی هەنگاریا و ڕافائێل مۆڤسێسیان، کۆنسولی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر، باسی لە ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
وەزیری سامانە سروشتییەکان گوتی، ئەمە لە کاتێکدایە هیچ کێشەیەک لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان نییە و ئامادە نییە ماف و گەرەنتی و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکان بدات، لەلایەن خۆیانەوە هەردوو کونسوڵ پشتگیری خۆیان و حکوومەتەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی نیشاندا.






